لاوێکی مەریوانی سزای زیندانی بەسەردا سەپا

15:03 - 11 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران سزای ٥ ساڵ زیندانی بەسەر چالاکێکی مەدەنیدا سەپاند.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بۆ چالاکێکی مەدەنی لە مەریوان بە ناوی \"سامان کەریمی\" کوڕی عەباس، سزای ٥ ساڵ زیندانی هەڵپەسێراو دەرچوو.

ئەو حوکمە ئەمڕۆ شەممە، یازدەی بەفرانبار لە لقی ١٠١ی دادگای شۆڕشی شاری مەریوان بەو چالاکە مەدەنییە ڕاگەیندراوە.

سامانی تەمەن ٢٦ ساڵە لە لایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە تۆمەتی ئەندامەتی لە کەمپەینی \"نا بۆ تانکێری مەرگ\"ـی هەبوو کە بۆ پێشگرتن لە ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە کوردستان پێکهێنرابوو.

ناوبراو کۆتاییەکانی مانگی ڕابردوو لەکاتی سەردانی بۆ دادگا بەمەبەستی جێبەجێ کردنی کارێکی دیکەی بنەماڵەکەی، نامەی بانگهێشتکرانەکەی خۆی وەرگرتبوو.

ڕۆژی ٢٢ی ڕەزبەری ئەوساڵ، سامان کەریمی کە لە هونەرمەندانی شانۆی سەرشەقامە، لە مەریوان دەستبەسەر و بۆ ماوەی ٢٥ ڕۆژ زیندانی کرا.
پێشتر شیرین عێبادی لە وتووێژێک لەگەڵ ڕاگەیەنەکاندا گوتبووی کە؛ \"دۆخی دەزگای دادوەری ڕوونە و ساڵەهایە سەربەخۆیی لەدەست داوە و بووەتە لقێک لە ناوەندە ئەمنیەتییەکان.\"

لینکی پەیوەندیدار:
گوشار لەسەر چالاکانی مەدەنیی کورد زیادی کردووە