لاوێکی مەریوانی دەسبەسەر کرا

14:26 - 5 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری مەریوان، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش، لاوێکی کورد بە ناوی \"عادڵ پیرۆزی\"، تەمەن ٢٢ ساڵ خەڵکی گوندی \"سەردۆش\" سەر بە شاری مەریوان، لە لایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان بەبێ بەڵگەی قەزایی و بە تۆمەتی \"هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\" ئەو لاوە کوردەیان دەسبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: لە ڕۆژی دەسبەسەرکرانی ئەو لاوە کوردە، هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها دەڵێت: لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، دوو هاووڵاتیی دیکەی کوردی خەڵکی گوندی \"سەردۆش\" بە ناوەکانی \"تەحسین و دانا پیرۆزیـ\"ـی، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراون.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: دانا تەمەن ٢١ ساڵ، پاش ماوەیەک لە گرتووخانە ئازاد کرا، بەڵام \"تەحسین پیرۆزی\"، تەمەن ٢٠ ساڵ لە کاتی دەسبەسەرکرانی هەتا ئێستا لە گرتووخانەدایە و هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەو لاوە کوردە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکانیان بەبێ ئاکام ماوەتەوە.