لاوێکی مەریوان بە تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران بریندار بوو

16:26 - 2 خاکەلێوه 2717
ئاژانسی کوردپا: لە یەکێک لە گوندەکانی سەر بە شاری مەریوان ‌هێزە حکوومەتییەکان لە کاتی ئاگرکردنەوەی نەورۆز پێشیان بە خەڵکی گوندی بێلوی مەریوان گرتووە و پاش تێکەڵچوون لەگەڵ خەڵک لە ئاکام دا لاوێکی خەڵکی ئەو گوندە بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٣٠ رەشەمەی ١٣٩٥ی هەتاوی، هێزەکانی سپای پاسداران لە گوندی بێلوی شاری مەریوان خوێندکارێکی زانکۆیان دایە بەر دەستڕێژی گوللە کە لە ئاکام دا ئەو لاوە کوردە بریندار بوو.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری مەریوان شوناسی ئەو لاوە کوردەیان بە ناوی \"ئارێز دانش\" ڕاگەیاندووە.

\"\"لە ئەنجامی تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران ئارێز لاقێکی دەشکێ و هەنوکە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری مەریوان نەشتەر گەری بۆ کراوە و لە ژێر چاوەدێری هێزە حکوومەتییەکان دایە.

ئارێز دانش خوێندکاری زانکۆی پەیام نووری شاری مەریوان بووە و لاقی پلاتینی تێدایە.

هەروەها هێزە حکوومەتییەکان چەند هاووڵاتییەکی دیکەیان گرتووە و هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە مەڕ چارەنووسی ئەو هاووڵاتییانە لە بەر دەست دانیە.