لاوێکی شنۆیی ڕەوانەی زیندان کرا

13:28 - 4 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کوردی خەڵکی شاری شنۆ، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی، بۆ زیندانی شاری شنۆ ڕەوانە کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کورپا، ڕۆژی دووشەممە، ٣ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی کورد، بە ناوی \"ئەهوەن پیرۆتی\"، کوڕی ڕەسووڵ خەڵکی ئاوایی \"چەشمەگۆل\"، سەر بە شاری شنۆ، بۆ تێپەڕاندانی ماوەی حوکمەکەی، بۆ زیندانی شاری شنۆ ڕەوانە کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، بە تۆمەتی \"هەواداریی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و پڕۆپاگەندە بەدژی نیزام\"، بە ٨ مانگ زیندان مەحکووم کرابوو.

دادگای شاری شنۆ، لەسەر ڕاپۆرتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە، ئەو لاوە کوردەی بە هەواداریی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و پڕۆپاگەندە دژی نیزام\" تاوانبار کردبوو.

\"\"یەعقووب خۆسرەوی
لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی دووشەممە ٣ی بەفرانبار، لاوێکی دیکەی کورد، بە ناوی \"یەعقووب خۆسرەوی\"، تەمەن ٢٣ ساڵ، خەڵکی شاری سەقز، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرا.

هێزەکانی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە و ناوبراویان بە تۆمەتی \"هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران\" دەسبەسەر کرد.