لاوێکی سەقزی بەدەستی کەسانی نەناسراو کوژرا/ پێشتر ئەندامی حیزبێکی کوردی بووە

17:00 - 30 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی تەمەن ٢١ ساڵەی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی سەقز لەلایەن کەسانێکی ناسراوەوە، بە دەست و پێ بەستراوی کوژرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی رابردوو لاوێکی خەڵکی گوندی (جافرخان)ی سەربە بەخشی زێویەی سەقز، لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە بەدەست و لاق بەستراوی، ملی کراوە بە دارەوە و کوشتوویانە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەقز، ناوی ئەو لاوە کوردەی ئیبراهیم زارعی، تەمەن ٢١ ساڵ راگەیاندووە، کە دەگوترێت، دەزگیرانداریش بووە.

\"21647.jpg\"
ئیبراهیم زارعی پێشتر ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکان بووە
تەرمی ئەو لاوە کوردە لە کاتێکدا بە دەست و لاق بەستراوی بە دارێکەوە هەڵواسرابوو، لە پشت گوندی جافرخانەوە دۆزراوەتەوەو بۆ پشکنین و لێکۆڵینەوە رەوانەی پزیشکی دادوەریی شاری سنە کراوە.

دەگوترێت، ئیبراهیم زارعی پێشتر ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئیران بووەو لە ماوەی رابردوودا گەڕاوەتەوە بۆ شاری سەقز.

بە گوتەی کەسانی ئاگادار، هەتا ئێستا هیچ کەسێک لە پەیوەندی لەگەڵ کوژرانی ئەو لاوە کوردەدا، لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر نەکراوە.