لاوێکی سەردەشتی کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا

15:26 - 31 گەلاوێژ 2715
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی خەڵکی شارەدێی نەلاسی سەردەشت بە هۆی کێشەی خێزانی دەستی داوەتە خۆکوژی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کورپا، لە ئاوایی \" هەڵوێ\"ی شارەدێی نەلاس لاوێکی کورد بە ناوی محەممەد عەدڵی تەمەن ٢٧ ساڵ دەستی داوەتە خۆکوژی.

سەرچاوەیەکی ئاگادار باسی لەوە کردووە، ئەو لاوە کوردە باوکی منداڵێک بووە و بە هۆی کێشەی خێزانییەوە خۆی هەڵواسیوە.

باوکی ئەو لاوە کوردەش بە ناوی عەلی بە تاوانی کوشتنی کەسێک، لەبەندیخانەی ورمێ لەدەستبەسەری دایە.

ئامار و هەواڵی خۆکووژیی، بێکاریی و چەندین قەیرانی دیکە لەکوردستان و ئێران لەهەڵکشان دایە.

رێژەی خۆکوژییەکان لەئێران لەم چەند ساڵەی دوایدا بە هەژێنەر وەسف کراوە و بە چەشنێک کە تەنیا لەسالی ١٣٩٣دا نزیک بە چوار هەزار کەس لەئێران کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

بەوتەی کارناسانی کۆمەڵایەتی، هەژاری، بێ دەرەتانی نەریتی بوونی کۆمەڵگە و بۆشایی کۆمەڵگەی مەدەنیی لەو هۆکارانەن کە دەکرێ پاڵنەر بن بۆ ئەوەی هاووڵاتیان دەست بدەنە خۆکوژی.

بەپێی توێژینەوەیەک کە ئەنجامدراوە لەئێران رۆژانە زیاتر لە ٢٠ کەس هەوڵی خۆکوژی دەدەن کە لەکۆی ئەو رێژەیە ١٣ کەسیان لەهەوڵەکەیاندا سەرکەوتوو دەبن.