لاوێکی سەردەشتی لە کەمپی پەنابەران گیانی لە دەست‌دا

15:33 - 25 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: کەمایەسی پزیشکی لە کەمپێکی پەنابەرانی وڵاتی دانمارک گیان لەدەستدانی لاوێکی خەڵکی کوردستانی ئێرانی بەدواوە بوو.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، پەنابەرێکی کورد بەناوی\"سیامەند عەبدوڵڵاپوور\" کوڕی \"یەحیا\" خەڵکی گوندی بێژوێ\"ی سەربە شاری سەردەشت بەهۆکاری ڕاوەستانی دڵ گیانی لە دەست‌دا.

\"29547.jpg\"
سیامەند عەبدوڵڵاپوور
ئەو لاوە تەمەن ٢٥ ساڵە بەیانی ڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی، لە کەمپی \"یۆلەند\" هەڵکەوتوو لە باکووری دانمارک فەوتی کردووە.

سەرچاوەیەک باسی لەوە کرد کە \"تیمی تەندرووستی ئەو کەمپە درەنگ بە پیر داواکاریی پزیشکی ئێمەوە هاتن و کە هاتیشن بە بێ ئامبۆڵانس هاتن و ئیتر کار لەکار ترازا بوو\".

لە درێژەی ڕاپۆرتی گەیشتوودا باس لەوە کراوە کە سیامەند عەبدوڵڵاپوور، وەرزشوانە و بە هۆکاری سیاسییش پەڕیوەی هەندەران بووە.

دەوڵەتی دانمارک لەپاش لێشاوی پەناخوازانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مەرجی وەرگیران لەو وڵاتەی سەخت‌تر کردووە و پارەی یارمەتیدانی بە پەنابەرانی ناو کەمپەکانی بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم کردووە.