لاوێکی سەردەشتی دەسبەسەر کرا

11:29 - 5 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان، لاوێکی کوردی خەڵکی شاری سەردەشتیان دەسبەسەر و بۆ شوێنکی نادیاریان ڕاگواست.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش، لاوێکی کورد بە ناوی "هیوا حوسێنی"، تەمەن ٢٧ ساڵ، کوڕی "عەزیز"، خەڵکی شاری سەردەشت، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش دەسبەسەرکردنی ئەو لاوە کوردە، هێرشیان کردە سەر ماڵی باوکی ناوبراو و کامپیۆتێر و هەروەها هەندێک کەرەستەی کەسیی ئەو لاوە کوردەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی بۆ ئاژانسی کوردپا خستەڕوو: "دەسبەسەرکردنی ئەو لاوە کوردە، بەبێ بەڵگەی یاسایی بووە و هێزە ئیتلاعاتییەکان هیوا حوسێنییان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووە".

سەرچاوەی ئاژانسی کوردپا هەروەها وتی: "سەرەڕای سێ جار بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو لاوە دەسبەسەرکراوە، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک سەبارەت بەو لاوە خۆیان دەبوێرن. هەوڵەکانی ئەو بنەماڵەیە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان بێئاکام بووە".

"هیوا حوسێن"ی دەرچووی ڕشتەی ئەندازیاریی تێکنۆلوژیی بیناسازی لە زانکۆی فەنی و ئەندازیاری شاری مەرەند بووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسە کردنی ئەو لاوە کوردە، هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.