لاوێکی سنەیی لە قەزوین ئیعدام کرا

15:47 - 20 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: گرتووخانەی ناوەندیی شاری قەزوین سزای \"قەساسی نەفس\"ـی هاووڵاتییەکی کوردی جێبەجێ کرد.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەناوەڕاستی ئەم حەوتوویە لاوێکی تەمەن ٢٤ ساڵی خەڵکی شاری سنە بەناوی \"حسەین.خ\" لە زیندانی قەزوین لەسێدارە دراوە.

ناوبراو لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە بە \"کوشتنی بەئەنقەست\"ـی دوو کەس لە ساڵی ١٣٩٠ تاوانبار کرابوو.

هەواڵدەریی \"مهر\" ڕایگەیاندووە کە لە شوێنی جێبەجێکرانی سزاکە بەرپرسانی دادوەری و ئینتیزامی بەشدار بووبوون.

لەسێدارەدانی \"حسەین.خ\". نۆهەمین حاڵەتی جێبەجێکرانی ئیعدامی زیندانیانی کورد لە شارەکانی ورمێ، قوڕوە، سەڵماس، مەهاباد و قەزوین هەژمار دەبێت.

قەساسی نەفس لە \"سزا شەرعییەکانی \"سیستەمی کەیفەری ئێرانە و لەپاش بڕیاری کۆتایی، تەنیا خاوەن خوێن(اولیای دم) دەتوانن پێش بە جێبەجێ بوونی سزاکە بگرن.

دەزگای دادوەری هەموو کاتێ، جێبەجێکرانی ئیعدام وەکوو هۆشداری بە تاوانباران\" پێناسە دەکات بەڵام داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لەهەمبەر ڕەهەندە نەرێنییەکانی بۆ سەر کۆمەڵگا هۆشدارییان داوە.