لاوێکی دیکەی کورد بەهۆی بێکارییەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا

23:53 - 17 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: بە خۆکوژیی لاوێکی تەمەن ٢٥ ساڵەی کوردی دانیشتووی شاری سەڵماس، ئاماری خۆکوژیی پیاوانی کورد لەناوچە کوردنشینەکانی ئێران لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا گەیشتە ٢٠ کەس.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٥ی پووشپەڕ هاووڵاتییەکی کورد بەناوی \"فادڵ محەممەدی\" تەمەن ٢٥ ساڵ، کوڕی ناجی و خەڵکی گوندی \"دۆستان\"ی سەربە ناوچەی سۆماوبرادۆست بەهۆی بێکارییەوە خۆی هەڵواسی و لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو رووداوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، فادڵ محەممەدی کە ٢ مانگ بەر لە ئێستا ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو، ١٠ رۆژ پێش ئێستا بەمەبەستی پەیدا کردنی کار سەردانی هەرێمی کوردستانی کردبوو.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژاسنی کوردپا، لەماوەی ١٠٠ رۆژی رابردوودا ٤٣ هاووڵاتیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە کە لەکۆی ئەو رێژەیە ٢٣ کەسیان ژنان و کچانی کورد پێکیان هێناوە.

ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە کە دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.


کارناسانی کاروباری کۆمەڵایەتی کێشەی بێکاری و هەژاری وەک سەرەکی‌ترین هۆکاری خۆکوژیی هاووڵاتییان لە قەلەم ئەدەن، کە بەهۆی گەمارۆ ئابوورییەکان و چوونەسەرێی ئاماری بیكاری لە ئێران، ئاماری خۆکوژیی هاووڵاتییان رۆژ لە دوای رۆژ روو لە زیادبوون دەکات.

هەر لەو پەیوەندییەدا رێکەوتی ٢٦ی جۆزەردان هاووڵاتییەک بەناوی \"فەیزوڵڵا وەیسی\" کوڕی عەبدوڵڵا تەمەن ٥٢ ساڵ لە گوندی \"کڵاو کەوە\"ی سەربە شاری روانسەر بەهۆی دەستکورتی و قەرزدارییەوە خۆی هەڵواسی و گیانی لەدەست داوە.