لاوێکی دیکەی جوانڕۆیی کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا

14:06 - 12 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: لەماوەی یەک حەفتەی رابردوودا دووهەمین لاوی جوانڕۆیی هەوڵی خۆکوژیی دا و لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، محەمەد زاهیر تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی ئاوایی \"زلان\"‌ی جوانرۆ بە هۆکارێکی ناڕوون خۆی کوشتووە.

ئەو لاوە جوانڕۆییە رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ١٠‌ی رەزبەر دەستی داوەتە خۆکوژی.

لەماوەی حەفتەی رابردووشدا لاوێک بەناوی \"یاسر حوسێنی\" لەشاری جوانڕۆ دەستی دابوویە خۆکوژی و لەئەنجامدا گیانی لەدەست دابوو.

لەوڵاتی ئێران رێژەی خۆکوژییەکان رۆژ لەگەڵ رۆژ لەزیاد بوون دایە و دەوترێت رۆژانە بەشێوەی نێوەنجی ١٣ کەس لەرێگەی خۆکوژییەوە کۆتایی بەژیانیان دێت.

کێشەی بنەماڵەیی، ژیانی زۆرە ملێ‌، هەلسوکەوتی خرابی بنەماڵەکان لەگەڵ منداڵ، نادادپەروەری لەکۆمەڵگەدا، هەژاری و بێکاری لەهۆکارەکانی خۆکوژی لەئێران دێنە ئەژمار.

بەپێی ئاماری پزیشک قانوونیی ئێران، لەساڵی ١٣٩٢‌دا زیاتر لە سێ‌ هەزار کەس، کە زۆربەیان پێاو بوون، دەستیان داوەتە خۆکوژی و کۆتایی بەژیانیان هاتووە.