لاوێکی خەڵکی ئیلام بە هۆی تەقینەوەی مین لاقێکی لە دەست دا

13:44 - 11 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی خەڵکی شاری دێهلۆران، سەر بە پارێزگای ئیلام، بە هۆی تەقینەوەی مین بەتەواوەتی لاقی ڕاستی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە، ١٠ی بەفرانبار، لاوێکی کورد، تەمەن ١٩ ساڵ، بە ناوی \"حەسەن خۆرسان\"، کوڕی عەلی، خەڵکی گوندی \"بەرەم\"، سەر بە شاری دێهلۆران، بە هۆی تەقینەوەی مین، لە ناوچەی سنووریی \"چەم هندی\"، بە توندی بریندار بوو و لاقێکی لە دەست دا.

بەڕێوەبەری تۆڕی دەرمان و بێهداشتی دێهلۆران، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەرییە حکوومەتییەکان، ئەو هەواڵەی پشتڕاست کردووەتەوە.

ئەو لاوە ١٩ ساڵەیە، بە هۆی قووڵیی برینەکەی بۆ نەخۆشخانەی \"گەنجەویان\" ڕاگوێزراوە.

ڕۆژی یەکشەممەش، ٩ی بەفرانبار، لاوێکی تەمەن ٣٤ ساڵ، لە ناوچەی دەشتی \"عەباس\"، لە گوندی \"ئیستقلال\"، سەر بە شاری دێهلۆران، بە هۆی مینێکی بەجێماوی سەردەمی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق بە توندی بریندار بوو.

ئەو لاوە ٣٤ ساڵەیە، دوای بەڕێکردنی بۆ ناوەندێکی دەرمانیی دێهستانی دەشتی \"عەباس\"، لە لایەن پێرسۆنێلی ئۆرژانس، بۆ چارەسەریی پزیشكی، بۆ نەخۆشخانەی \"گەنجەویانـ\"ـی شاری دێزفول ڕاگوێزراوە.