لاوێکی خەڵکی ورمێ بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا

10:54 - 1 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: دادگای ئینقلابی ورمێ، لاوێکی کوردی خەڵکی ئەو شارەیان بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، لاوێکی کورد بە ناوی "جەلال سوورمان"، خەڵکی ناوچەی "تەرگەوەڕ"ی ورمێ، لە لایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری مەحکووم کراوە.

دادگای ئینقلابی ورمێ، ئەم لاوەی بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران"، تۆمەتبار کردووە.

ئەم لاوە کوردە، ٢٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ، لە شوێنی ژیانی لە شارەکی "دانشگا" دەسبەسەر و دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکەی، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢١ی خەرمانان، بە دانانی بارمتەی سێسەد ملیۆن تمەنی، بە شێوەی کاتی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ئازاد کرابوو.