لاوێکی خەڵکی ورمێ بە ٥ ساڵ زیندان مەحکووم کرا

13:25 - 2 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کورد خەڵکی ناوچەی مەرگەوەڕی شاری ورمێ، لە لایەن لقی سێ دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە، بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لقی سێ دادگای ئینقلابی شاری ورمێ بە سەرۆکایەتی \"نەجەفی\"،حوکمی ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ \"مەجید تیباش\" کوڕی خالید خەڵکی گوندی \"دزە\"ی مەرگەوەڕدا، بڕییەوە.

یەکێک لە نزیکانی تەیباش لەم بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، ئەم لاوە کوردەی بە تۆمەتی ئەندامبوون و پڕوپاگەندە لە بەرژەوەندی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران تاوانبار کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: بەڕێوەچوونی دادگایی کردنی ئەو لاوە کوردە، بەبەشداری پارێزەرەکەی بەڕێوەچووە و ناوبراو سەبارەت بەو حوکمە داسەپاوە، نارەزایەتی دەربڕیووە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بەفرانبار، مەجید تیباش پاش تەواو کردنی لێکۆڵینەوەکەی، بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە گرتنگە ئازاد کرا.

ئەو لاوە کوردە ٥ی بەفرانباری ئەمساڵ، پاش بانگهێشت کردنی بۆ ستادی خەبەری ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ دەسبەسەر کرا.

لەو پەیوەندییەدا، ساڵی ٩١ی هەتاوی، ئەم لاوە کوردە لە سەر بڕیاری حیراسەتی زانکۆی عیلمی_کاربوردی شاری ورمێ بە هۆی ئەوەیکە لەسەر لەب‌تابەکەی وێنەی ئاڵای کوردستانی دانابوو و هەروەها ئەو وێنەیە لە کۆنفرانسێکی زانستیدا لە سەر پرۆژکتور پێشاندا بوو، لە درێژەدان بە خوێندن بێبەری کرا.

هەروەها ساڵی ٩٢ی هەتاوی، ئەم هاووڵاتییە کوردە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش ماوەیەک لە گرتنگە ئازاد کرا.