لاوێکی خەڵکی ناوچەی مەریوان دەستبەسەر کرا + وێنــــه

20:24 - 28 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کوردی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی مەریوان لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە برینداری دەستبەسەر کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە رێکەوتی ٢٨ بەفرانبار فەرهاد خوسرەوی تەمەن ٢٢ ساڵ، کوڕی ئەحمەد و خەڵکی گوندی جانەوەرەی مەریوان لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و رەوانەی شوێنێکی نادیار کرا.

یەکێک لە هاووڵاتییانی گوندی جانەوەرە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ فەرهاد خوسرەوی بەر لە دەستبەسەر کرانی لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە تەقەی لێکراوە و بەو هۆیەوە لە سەربانی ماڵی خۆیانەوە خۆی خستۆتە خوارێ و لاقێکیشی شکاوە.

ئەو هاووڵاتییە گوتیشی، لەکاتێکدا هاووڵاتییانی گوندی جانەوەرە ویستیان رێگری لە دەستبەسەر کرانی فەرهاد خوسرەوی بکەن، لەلایەن هێزە نیزامییەکان تەقەیان لێکرا.

دەگوترێت، فەرهاد خوسرەوی لە سنوورەکانی ناوچەی مەریوان سەرقاڵی کاسبی کردن بووە و هەتا ئێستاش هۆکاری دەستبەسەر کردنی ناوبراو روون نەبۆتەوە.
\"17941.jpg\"