لاوێکی تەمەن ٢٤ ساڵەی کورد لەگرتووخانەی ورمێ‌ لەسێدارە درا

13:05 - 20 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەگرتووخانەی ورمێ‌حوکمی لەسێدارەدانی هاووڵاتییەکی کوردیان بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لاوێکی کورد بەناوی \"بهزاد خەلیلی ئیگدیر\" تەمەن ٢٤ ساڵ و کوڕی محەممەدرەزا سەرلە بەیانیی رۆژی سێ‌شەممە لەلایەن لێپرسراوانی گرتووخانەی ناوەندی ورمێەوە لەسێدارە درا.

ئەو هاووڵاتییە خەڵکی شاری شنۆ بووە و دەوتریت کە بە تاوانی \"قەتل\" لەسێدارە دراوە.

\"17308.jpg\"
بهزاد خەلیلی لەلایەن لێپرسراوانی گرتووخانەی ناوەندی ورمێەوە لەسێدارە درا
هەر لەو پێوەندییەدا سەرەچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، \"دوای ئەوەی لەتێکهەڵچوونێکدا کەسێک کوژراوە، بهزاد وەکوو بکووژەکە دادگای و حوکمی سێدارەی بۆ بڕابوویەوە، بەڵام بنەماڵەی کوژراوەکە دەیانهەویست ئەو لاوە کوردە عەفوو بکەن کە بە داخەوە دەزگا قەزایی و رێکخراوی زیندانەکان لەو بارەیەوە کەمتەر خەمییان نواندووە.

لەلایەکی دیکەوە رۆژی شەممە رێکەوتی ١٦ی سەرماوەز لاوێکی بۆکانی بەناوی \"یونێس باپیری\" تەمەن ٢٥ ساڵ لە زیندانی ورمێ‌لەسێدارە درابوو.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە ماوەی ٢٠ رۆژی رابردوودا نزیک بە ٦٠ هاووڵاتیی لەئێران لەسێدارە دراون.