لاوێکی تەمەن ١٨ ساڵەی کرماشانی، پاش ٣ ساڵ زیندانی لەسێدارە درا

16:31 - 4 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی گشتیی رێکخراوی زیندانەکان و بڕیاراتی ئەمنیەتی لە کرماشان، حوکمی لەسێدارەدانی لاوێکی کوردیان بەڕێوە برد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی رابردوو لە زیندانی کرماشان لاویکی تەمەن ١٨ ساڵ بەناوی (هادی وەیسی) کوڕی عوسمان و خەڵکی گوندی (دار ئاوخان)ی سەربە شاری سەرپێڵی زەهاو، بە تاوانی \"قەتڵ\" لە سێدارە درا.

ئەو لاوە کوردە لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا و لە ئەنجامی شەڕێکدا لە گوندەکەی خۆیان هاوپۆلییەکی خۆی کوشتبوو.

کەسانی نزیک لە بنەماڵەی ویسی، هەواڵی لەسێدارەدرانی هادی تەمەن ١٨ ساڵیان بۆ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پشتڕاست کردۆتەوە.

حوکمی لەسێدارەدانی ئەو لاوە تەمەن ١٨ ساڵەیە، بەهۆی پێداگریی بنەماڵەی قوتابییە کوژراوەکەوە رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٣ی خەرمانان بەڕێوەچووە.

سزای لەسێدارەدان بۆ کەسانی ژێر تەمەن ١٨ ساڵ، یەکێک لەو بڕیار و حوکمانەیە، کە ناڕەزایەتیی بەردەوامی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ بەدواوە بووە.

بەپێی ئامارێک کە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا کە رێکەوتی ١٢ی گەلاوێژی ١٣٩٣ بڵاوی کردەوە، لە ماوەی یەکساڵ دەوڵەتداریی حەسەن رۆحانیدا لە وڵاتی ئێران ٨١٤ کەس بە تۆمەتی جۆراوجۆر لەسێدارە دراون.