لاوێکی تەمەن ١٧ ساڵەی سەقزی کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا+ئامار

14:54 - 7 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی تەمەن ١٧ ساڵەی خەڵکی ناوچەی خوڕخوڕەی سەقز بەهۆکارێکی نادیار هەوڵی خۆکوژی دا و لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە ئێوارێی رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٥ی سەرماوەز لاوێکی سەقزی بەناوی ئیدریس شوجاعی، کوڕی عەباس و خەڵکی گوندی \"دەرەویانی شێخ\"ی سەربە ناوچەی خوڕخوڕەی سەقز لە ماڵی خۆیاندا کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

باوکی ئیدریس شوجاعی بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاندووە، \"ئیدریس لە رێگەی خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە و پاش دوو رۆژ لە خۆکوژیی ناوبراو، تەرمەکەی لە نەخۆشخانەی شاری سەقز راگیراوە\".

عەباس شوجاعی باوکی ئەو لاوە کوردە گوتیشی؛ کوڕەکەم هیچ کێشەیەکی درەروونی و کۆمەڵایەتی نەبووە و هەتا ئیستاش هۆکاری خۆکوژیی ئیدریس روون نەبۆتەوە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ١٠ رۆژی رابردوودا (٢٧ی خەزەڵوەر هەتا ٧ی سەرماوەز) ٥ هاووڵاتیی کورد لە ناوچە وکردنشینەکانی ئیران کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە.

هەروەها بەپێی ئەم ئامارە و لەکۆی ئەو ٥ کەسە، ٣ کەسیان پیاو و ٢ کەسیشیان ژن بوونە کە ٤ کەسیان لە رێگەی خۆ هەڵواسینەوە کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە.

\"17087.jpg\"
رێکەوتی ٢٧ی خەزەڵوەر ژێک بەناوی لیمۆ خەید تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی مەهاباد بەهۆی بەشوودانی زۆرەملی لە رێگەی خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

رێکەوتی ٢٧ی خەزەڵوەر هاووڵاتییەک بەناوی ناسر مورادی تەمەن ٥٥ ساڵ بەهۆی هەژاری و دەستکورتییەوە لە رێگەی خۆهەڵواسینەوە هەوڵی خۆکوژیدا و لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

هەروەها رێکەوتی ٢ی خەزەڵوەر ئێقباڵ سەیفی تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵکی ناوچەی \"لەیلاخ\"ی سەربە شاری دێولان بەهۆی گیرۆدەبوون بە ماددەی هۆشبەر کە هەتا ئێستا شێوەی خۆکوشتنەکەی روون نەبۆتەوە، کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٣ی خەزەڵوەر ماریا رێحانی تەمەن ١٣ ساڵ و خەڵکی ناوچەی پیرانشار، بەهۆیەکی ناڕوون لە رێگەی خۆ هەڵواسینەوە هەوڵی خۆکوژی دا و لەئەنجامدا گیان لەدەست دانی ناوبراوی لێکەوتەوە.

بوونی ئەم ئامارەی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لەکاتێک دایە کە زۆربەی حاڵەتەکانی خۆکوژی هاووڵاتیانی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بەهۆی نەریتی بوونی کۆمەڵگەوە بەشاراوەیی دەمێننەوە و لەلایەن کەسوکاری قوربانیانەوە بە مردنی ئاسایی رادەگەیەندرێن.