لاوێکی تەمەن ١٧ ساڵە مەترسی ئێعدامی لە سەرە

16:12 - 11 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی ڕەوتی ئێعدام کردنی لاوانی تەمەن ژێر ١٨ ساڵ‌دا، لاوێکی تەمەن ١٧ ساڵە خەڵکی شاری سەقز لەلایەن دادگای ئەو شارەوە حوکمی ئێعدامی بۆ بڕایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دادگای جەزایی شاری سەقز حوکمی ئێعدامی بۆ لاوێکی تەمەن ١٧ ساڵەی ئەو شارە بڕیوە.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە بە \"ناسر خزری\"ڕاگەیەنراوە.

ناوبراو بە تاوانی کوشتن (قەتڵی بە ئەنقەست)، حوکمی ئێعدامی لەسەر دراوە.

ئەو لاوە تەمەن ١٧ ساڵە، لە تەمەنی ١٥ ساڵی و لە مانگی ڕەزبەری ساڵی ٩٣ی هەتاوی‌دا، بە تاوانی کوشتنی یەکێک لە هاوڕێکانی خۆی تاوانبار کراوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ناسر خزری لەلایەن دادگای جەزایی شاری سەقزەوە حوکمی ئێعدامی بۆ بڕاوەتەوە و حوکمەکەشی ڕەوانەی دیوانی باڵای وڵات کراوە.

لە مادەی ٩١ی یاسای سزای ئیسلامی‏دا هاتووە، هەر کەسێک لەکاتی ئەنجامدانی تاوانێکدا، درکی بە تاوان بوونی کردەوەکەی خۆی نەکردبێت، یان لەبواری مێشکەوە بە تەواوی گەشەی نەکردبێت، ئەگەر تووشی کرداری کوشتن بێت، بە \"قیساس\" مەحکووم ناکرێت.

ئێران، عەربستان سعوودی، پاکستان و سوودان، تەنیا وڵاتگەڵێکن کە منداڵانی تەمەن ژێر ١٨ساڵ بە ئێعدام مەحکووم دەکەن.