لاوێکی تەمەن ١٨ ساڵ لە شاری پاوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

16:40 - 28 خەزەڵوەر 2721

ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی خەزەڵوەر، لاوێکی تەمەن ١٨ ساڵ، بە ناوی "سرووش ڕەحمانی"، کوڕی فاروق و خەڵکی گوندی "هانەگەرمەڵە" سەر بە بەخشی نەوسوودی شاری پاوە، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

سەنا ڕەحمانی، خوشکی سرووش، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: "هەواڵە بڵاوکراوەکان لە ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە کۆڵبەربوونی سرووش دوورە لە راستی و براکەم کۆڵبەر نەبووە و قوتابی بووە".

سەنا ڕەحمانی هەروەها ڕایگەیاند: "هۆکاری خۆکوژیی سرووش هەتا ئێستا بۆ ئێمە ڕوون نەبووەتەوە و هەواڵە بڵاوکراوەکان کە خۆکوژیی ناوبراویان بۆ کوژرانی ئەسپەکانی لەلایەن هێزە نیزامییەکان گەڕاندووەتەوە، ڕەت دەکەینەوە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو کە دوو ڕۆژ پێش لە خۆکوژیی سرووش، ئەسپەکانی برای سرووش لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە دەستی بەسەردا گیرابوو، بەڵام لەنێو نەبرابوو.

سەنا ڕەحمانی ئەوەشی پشتڕاست کردەوە کە سرووش قوتابیی ساڵی سێی قۆناغی دواناوەندی، بەشی ئینسانی بووە و کۆڵبەر نەبووە.

سەنا ڕەحمانی لە کۆتاییدا، ڕایگەیاند کە باوکی تووشی نەخۆشیی چارەسەرنەکراوەی "شێرپەنجە" بووە.

تەرمی سرووش ڕەحمانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی خەزەڵوەر، لە شوێنی لەدایکبوونی ئەسپەردەی خاک کرا.