لاوێکی تەمەن ٢١ ساڵ بەهۆی تەقینەوەی مین بریندار بوو

10:37 - 13 رێبەندان 2719

ڕۆژی شەممە، ١٢ی ڕێبەندان، بەهۆی تەقینەوەی یەکێک لە مینە بەجێماوەکانی شەڕی ئێران- عێراق، لە ناوچەی شووشی ئەهواز، لاوێکی کرماشانی بەسەختی بریندار بوو.

"عەلی موقەدەمیان"، بەرپرسی فریاکەوتنی ١١٥ی شووش ڕایگەیاند، کاتژمێر ١ی دوانێوەڕۆی ڕۆژی شەممە لە ڕۆژاوای بەنداوی کەرخە مینێک تەقییەوە و بوو بەهۆی برینداربوونی لاوێکی تەمەن ٢١ ساڵەی عەشایەری خەڵکی کرماشان.

هەرچەند ئەو بەرپرسە شوناسی ئەو لاوە کرماشانییەی ڕانەگەیاند، بەڵام وتی، ئەو لاوە قولاپەی پێی ڕاستی قرتاوە. ئەو لاوە بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی "نیزامی مافی" کراوە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٣ی ڕێبەندان، تەقینەوەی مین لە ڕۆژاوای بەنداوی کەرخە لە باکووری خووزستان، بوو بەهۆی کوژرانی هاووڵاتییەک و برینداربوونی سێ کەسی دیکە.

لەو ڕووداوەدا، پیاوێکی تەمەن ٣٠ ساڵە گیانی لەدەست داوە و هەروەها دوو منداڵی ٢ و ٦ ساڵان و مێرمنداڵێکی تەمەن ١١ ساڵ، بریندار بوون.