لاوێکی تەمەن ١٨ ساڵ بە تەقینەوەی مین لە ورمێ بە سەختی بریندار بوو

11:23 - 8 بانەمەڕ 2722

ڕۆژی چوارشەممە ٧ی بانەمەڕ، لاوێکی تەمەن ١٨ ساڵ  بە ناوی "حەبیب حاتەمی سینائابادی" کوڕی جەلال خەڵکی گوندی "کوران" سەر بە ناوچەی سۆمای ورمێ، بەهۆی تەقینەوەی مین بە سەختی بریندار بوو.

ئەو لاوە لە نزیک گوندەکانی "نەوجەوان و ئەخیان" سەر بە ناوچەی برادۆستی ورمێ، لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕوماڵات، تووشی ئەو ڕووداوە بووە.

ئەو لاوە بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی خومەینی کراوە و باری تەندروستیی نالەبار ڕاگەیەندراوە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە ٤ی بانەمەر، سەربازیک بە ناوی "عادڵ قوربانی" کوڕی عەلی خەڵکی شاری ماکۆ، بەهۆی تەقینەوەی مین لە پادگانی لەشکری ٢٨ی پیادەی کوردستان، گیانی لەدەست دابوو.

بەپێی ئاماری ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، لە سەرەتای ساڵی ١٣٩١ هەتا کۆتاییەکانی ساڵی ١٤٠٠، ٤٠٢ غەیرە نیزامی لە کوردستان بوونەتە قوربانیی مین و کەرەستە تەقەمەنییەکانی شەڕی ئێران و عێراق (١٠٣ کوژراو و ٢٩٩ بریندار).