لاوێک لە شاری دیواندەرە دەسبەسەر کرا

15:19 - 3 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کورد خەڵکی شاری دیواندەرە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی ڕەشەممەی ٩٧، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری دیواندەرە، هێرشیان کردە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"محەممەد حەنیفی\" خەڵکی ئەو شارە و ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

یەکێک لە نزیکانی ئەو هاووڵاتییە کوردە، بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: هێزە ئیتلاعاتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان بردووەتە سەر ماڵی شەخسی ئەو هاووڵاتییە کورد.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: دەسبەسەر کردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە، پاش تێکەڵچوونی هاووڵاتییانی خەڵکی شاری دیواندەرە، لەگەڵ هێزە ئینتزامییەکان، لە کاتی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی چوارشەممە سووری، ڕوویداوە.

ئەو سەرچاوەیە بۆ ئاژانسی کوردپا ئەوەشی خستەڕوو، هەتا ئێستا بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە، بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان، بێئاکام بووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لە مەڕ چارەنووس و هۆکاری دەسبەسەر کردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە، لە بەردەستدا، نییە.