لاوێک لە سەلاس باوەجانی دەستی دایە خۆکوژی

15:33 - 7 بەفرانبار 2715
ئاژانسی کوردپا: لە گوندێکی سەر بە شارستانی سەلاس باوەجانی، لاوێک بە هۆکاری نادیار کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دەستدانە خۆکوژیی لاوێکی تەمەن ٢٠ ساڵە بە ناوی تەحسین خانی، لە سەلاس باوەجانی بووە هۆی گیانلەدەستدانی.
ئەم لاوە دانیشتووی گوندی \"ئەورازە\" لە ناوچەیەکی سەرسنووری پارێزگای کرماشانە و بە هۆی کێشەی ماڵییەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

بە وتەی خەڵکی ناوچەکە، ئەم بنەماڵەیە کێشەی ماڵییان بۆ درووست بووە و ناوبراو بەو هۆیەوەو خۆی کوشتووە.

\"29246.jpg\"
شارستانی سەلاس باوەجانی کە ناوەندەکەی شاری تازاوایە، نزیک بە ٢٠ هەزار کەس دانیشتووی هەیە و بە یەکێک لە ناوچە هەژارەکانی کوردستانی ئێران دەژمێردرێت.

پێشتر، شەهێن محەممەدی ئەندامی چالاکی ئەنجومەنی ژنانی مەریوان، سەبارەت بە دیاردەی خۆکوژی لە کوردستاندا بە هەواڵنێری کوردپای گوتبوو: \"زیاد بوونی ڕێژەی خۆکوژیی گەیشتۆتە ئاستێک کە لە ئێستادا، وەک نەخۆشییەکی کۆمەڵایەتیی گشتگیر سەیر دەکرێت، بۆیە بەداخەوە هەواڵی خۆکوشتنەکانیش ئاسایی بوونەتەوە و ئەمەش وای کردووە کە هەوڵێکی جیددی بۆ بنبڕ کردنی ئەم کارەساتە لە ئارادا نەبێت\".