٦ لاوی نەغەدەیی و سەقزی لە نێو داعشدا کوژران و ٥ کوردی دیکەش چوونە نێو داعش

19:22 - 25 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لاوی سەقزی و نەغەدەیی، کە بە مەبەستی جیهاد روویان لە داعش کردبوو، لەماوەی رابردوودا و لە ریزەکانی داعشدا کوژراون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ٤ لاوی نەغەدەیی بەناوەکانی موحسین ئازەر بەهرام و کوڕی سلێمان، شوانە حاجی زادە، سابیر پیسان، جەعفەر فارس کوڕی عەلی لەماوەی نزیک بە دوو حەفتەی رابردوودا لە ریزی چەکدارانی داعشدا کوژراون.

هاوکات لاوێکی دیکەی نەغەدەیی بەناوی ئارام پیسان کە هاوری لەگەڵ ئەو چەند لاوە نەغەدەییە رووی لە داعش کردبوو، لە میانەی تێکهەڵچوونەکانی داعش لەگەڵ هێزەکانی پێـشەرگەدا، بە توندی بریندرا بووە.

دەگوترێ دوو لاوی دیکەی سەقزیش هاوڕێ لەگەڵ ئەو چەند کەسەی خەڵکی نەغدەدا کوژراون، بەڵام هەتا ئێستا شوناسیان بۆ ئاژانسی کوردپا ئاشكرا نەبووە.

هەتا ئێستا روون نییە، کە ئەو چەند کەسە لە کام تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگەدا کوژراون، بەڵام پێدەچێتئەو کەسانە لە تێکهەڵچوونەکانی ماوەی رابردووی شاری کەرکووکدا کوژرابێتن.

شەوی دوای هێرشی سەر کەرک لە رێکەوتی ١٠ی رێبەنداندا، پەیجەکانی داعش بڵاویان کردەوە، کە هێرشی داعش بۆ سەر شاری کەرکووک لەلایەن ئەندامە کوردەکانی نێو ئەو رێکخراوەیەوە ئەنجام دراوە.

نزیک بە حەفتەیەک پێش ئێستاش پەیجێکی سەربە داعش هەواڵی چوونی ٥ لاوی دیکەی کوردی خەڵکی کوردستانی ئێرانی بۆ نێو رێکخراوی داعش بڵاو کردەوە، بەڵام ئاماژەی بە شوناسی ئەو ٥ کەسە نەکردبوو.

چاوەدێرانی گروپە سەلەفییەکان ، ژمارەی کوردەکانی کوردستانی ئێران لە ریزی رێکخراوی داعشدا لە نێان ١٠٠ بۆ ١٥٠ کەس مەزندە دەکەن، کە ژمارەیکی بەرچاو لەو کەسانە لە تێکهەڵچوون لەگەڵ شەرڤانان و پێشمەرگەکاندا کوژراون.