٥ لاوی مەریوانی لە ژووری تاکەکەسی زیندانی شاری سنە ڕاگیراون

23:52 - 18 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: ٥ لاوی خەڵکی گوندی \"نێ\"ی مەریوان بۆ ژووری تاکەکەسی زیندانی ناوەندی شاری سنە ڕاگوێزران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حەمید پەروازە تەمەن ٢٨ ساڵ کوڕی محەممەد، موحسێن فەرهمەند تەمەن ٢٤ ساڵ کوڕی خوسرەو و محەممەد پەروازە تەمەن ٢١ ساڵ کوڕی حوسێن، هەر کامیان ماوەی ٦٢ ڕۆژە لە ژووری تاکەکەسی لە زیندانی ناوەندی شاری سنە دان و محەممەد نامداری تەمەن ٣٣ ساڵ کوڕی حامید و سەڵمان ئەفرا تەمەن ٢٢ ساڵ کوڕی ڕەحمەت هەر کامیان ماوەی ٢١ و ٢٢ ڕۆژە لە ژووری تاکەکەسی زیندانی ناوەندی شاری سنەدا، ڕاگیراون.

ئەم پێنج هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە، بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە ڕاگوێزراون.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی ڕەزبەر، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی \"بڕیار کاوە\"، \"موحسێن فەرەهمەند\" \"حەمید پەروازە\"، خەڵکی گوندی \"نێـ\"ـی شاری مەریوان، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و هەروەها ڕۆژی هەینی ٢٧ی ڕەزبەر، هێزە ئیتلاعاتییەکان، لاوێکی کوردیان بە ناوی \"محەممەد پەروازە\" تەمەن ٢١ کوڕی مەلاحوسێن خەڵکی گوندی \"نێـ\"ـی شاری مەریوان، دەسبەسەر کرد.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی خەزەڵوەر، \"بڕیار کاوە\" تەمەن ٢٥ ساڵ کوڕی ئەمین خەڵکی گوندی \"نێ\"ی مەریوان کە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕەزبەر، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا بوو، بۆ زیندانیی ناوەندی شاری مەریوان ڕاگوێزراوە و پاش ڕۆژێک لە گواستنەوەی بۆ زیندانی مەریوان بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی، هەتا کاتی بەڕێوەچوونی دادگاییەکی لە گرتنگە ئازاد کرا.

هەروەها ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خەزەڵوەر، محەممەد نامداری بەبێ بەڵگەی یاسایی لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی خەزەڵوەر، سەڵمان ئەفرا پاش بانگهێشت کردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان دەسبەسەر کرا.