٣ لاوی دیکەی کورد لە مەهاباد دەسبەسەر کران

15:22 - 14 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی ٣ لاوی دیکەی کوردیان دەسبەسەر کرد.

بەپێی هەوالی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ ٤ ڕۆژ لەمەوپێش هێزە لیباس شەخسییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە شاری مەهاباد هەڵیانکووتاوەتە سەر ماڵی ٣ لاوی کورد خەڵکی ئەم شارە و دەسبەسەریان کردوون.

ئەم کەسانە خەڵکی گەرەکی کۆسەکەرێزی شاری مەهابادن.

هەوالنێری کوردپا شوناسی ئەم کەسانەی بە \"شێرزاد سەرگوڵی\"، \"واحید سۆفی\"، \"جەماڵ عەلەوی\" ڕاگەیاندووە.

تا ئامادە کردنی ئەم هەواڵە شوێنی ڕاگیران و هۆکاری دەسبەسەرکردنیان ناڕوونە بەڵام بە وتەی کەسانی نیزیک لەم گیراوانە هۆکاری دەسبەسەر کردنیان بەشداری کردنیان بووە لە جێژن و خۆشییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی خەڵکی کوردستان بەبۆنەی بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی لە باشوری کوردستان و لەبەرکردنی جل و بەرگی کوردی.

لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا، هێزە ئەمنییەتیی و ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شارەکانی مەهاباد، سنە، سەقز، جوانڕۆ، بانە، مەریوان، پاوە، هەوارامان، کامیاران و ساین قەڵا جگە لە هەڕەشەکردن لە لاوان و چالاکانی مەدەنی ئەم شارانە ژمارەیەک لە هاووڵاتییانیان لە پەیوەندیی لەگەڵ پشتیوانی لە ڕێفراندۆم بۆ سەر بە خۆی کوردستان دەسبەسەر کردووە کە تا ئێستا چارەنووسی بەشێکیان ناڕوونە.