لاوانی کورد گەورەترین زنجیرە چیای ئیلامیان خاوێن کردەوە+وێنە

21:00 - 5 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە لایەنگر و چالاکانی ژینگەپارێزیی کورد، گەورەترین زنجیرە چیای ئوستانی ئیلامیان لە زبڵ و پاشماوەی گەشتیاران خاوێن کردەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژمارەیەک لاوی کوردی خەڵکی دەڕەشار لە ئوستانی ئیلام لە چالاکییەکی بەکۆمەڵ و خۆڕسکدا، ٢٠٠ کیسە زبڵی بەجێماویان لە چیای کەبیر کێو کۆکردەوە.

چالاکانی ژینگتەپارێزی، ئامانجی خۆیان لەو چالاکییە بەکۆمەڵە بۆ جێگیر کردنی فەرهەنگی ژینگەپارێزی و پەرە پێدانی دروشمی خۆشەویستی بۆ ژینگە\" گەڕاندۆتەوە.

ئەو چالاکانە رایانگەیاندووە: لە راستای خاوێن راگرتنی ژینگەدا، پاش سێزدە بەدەریش چالاکییەکی لەو شێوەیە رێک دەخەن.

کەبیر کێو کە ١٥٠ کیلۆمیتر درێژایی هەیە، بە گرینگترین و گەورەترین ناوچەی پارێزراوی ئوستانی ئیلام ئەژمار دەکرێت، کە ١٦٦٥ هێکتار رووبەری دارستان و لەوەڕگەی هەیە.

لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا هاووڵاتییانی کورد لە کوردستان، بەدیان شێوە خشەویستی و ئۆگریی خۆیان بۆ ژینگە و سروشتی کوردستان نیشان داوەو چالاکیی هاووڵاتییان لە واز هێنانی بەکۆمەڵی راوچیان لە راوکردن، شکاندنی چەکی راو، ئازادکردنی باڵندە کێوییەکانی وەکوو کەو و هەڵۆ، خاوین کردنەوەی ژینگە و چاندنی نەمام و تۆوی دار بەروودا بینیوەتەوە.

ئەو رەوتە ژینگەپارێزییە کە لە کوردستاندا دریژەی هەبووە، بە گشتی بە شێوەی خۆڕسک و بەبێ پشتیوانیی ناوەندە حکومەتییەکان لە حاڵی بەرێوەچووندایە.

\"25630.jpg\"

\"25632.jpg\"

\"25634.jpg\"

\"25633.jpg\"