لافاو گیانی ژنێکی تەمەن ٢٧ ساڵەی ورمێی ئەستاند و ٢٠ کەسیشی بریندار کرد

22:19 - 2 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: ژنێکی تەمەن ٢٧ ساڵەی کورد لە ناوچەی ورمێ بە هۆی هەستانی لافاوەوە گیانی لە دەست دا و ٢٠ هاووڵاتیی دیکەش بریندار بوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٩ی بانەمەڕ بنەماڵەیەکی خەڵکی گوندی \"مەخۆر\" کە بەمەبەستی هەڵکەندنی گیای کوێستانی روویان لە چیاکانی ناوچەی چاڵدوران کردبوو، بەهۆی پەڕینەوە لە ئاوی چۆم و هاتنی لە ناکاوی لافاو کەسێکیان گیانی لەدەست دا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: ئەندامێکی دیکەی ئەو بنەماڵەیە لە ئەنجامی هاتنی ئەو لافاوەدا بە توندی بریندار بووە.

لەلایەکی دیکەوە ماڵپەڕی عەسری ئێران بڵاوی کردەوە، رۆژی رابردوو ٢٦ هاووڵاتی لە ناوچەی چاڵدورانی سەربە شاری ورمێ بەهۆی هەستانی لافاو لە ژێر بینای رووخاودا گیریان کردبوو کە ٢٠ کەسیان بریندار بوون.

هەروەها لە درێژەی راپۆرتەکەدا هاتووە، چەندین بینای خانووبەرە لە گوندەکانی \"ئورکین، قوریناوزی سەرێ و خوارێ\" زیانی بەرچاویان بەرکەوتووە.