لافاو لەماکۆ گیانی دوو لاوی کوردی ستاند

14:37 - 6 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شارستانی ماکۆ لەئەنجامی بارینی بارانی زۆر و بە خۆر و دروست بوونی لافاو گیانی خۆیان لەدەستدا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ماوەی دوو رۆژ لەمەوبەر دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئاوایی \" ئیلان قرە\"ی سەر بە ماکۆ کە برای یەکتریش بوون، لەکاتی لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵاتدا بە هۆی رووداوی لافاوەوە گیانیان لەدەست داوە.

تەرمی ئەو دوو لاوە کوردە کە تەمەنیان ٢٧ و ١٧ ساڵ بووە لەلایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە لە ئاو دەرهێنراونەتەوە.

لەو رووداوەدا ١٥٠ سەر مەڕیش لەناو چوون.

فەرمانداری ماکۆ بە ئیرنای راگەیاندووە، بارینی باران و هەستانی لافاو خەساری زۆر بەرچاوی بە بەشەکانی کشت و کاڵ، رێگەوبان و ئاژەڵداری ئاواییەکان گەیاندووە.

لەلایەکی دیکەوە ئێوارەیی رۆژی دووشەممە بە هۆی هەستانی لافاو زەوییە کشت و کاڵییەکانی ١٨ ئاوایی چاڵدۆران بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو خەسارییان بەرکەوتووە و رێگەکانی هاتوچۆ بۆ ماوەیەک داخرابوون.

بە وتەی سەرپەرەستی گشتی \" مودیریەتی قەیرانی\" ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا بە هۆی رووداوە سروشتییەکانەوە زیاتر لە ٥١٧ ملیارد تمەن خەسار بە بەرهەمە کشت و کاڵییەکانی ئەو ئوستانە گەێشتووە.

شاری ورمێ ١٤٢ ملیارد تمەن و شاری پۆلدەشت بە یەک ملیارد تمەن زۆرترین خەسارییان بەرکەوتووە.

لە ناو بەرهەمەکانیشدا زۆرترین زەرەر بە سێو، ترێ، گوێز و بادام گەیشتووە.