لاسایی کردنەوەی سێدارە، گیانی منداڵێکی دیکەی کوردی ستاند

19:59 - 23 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: منداڵێکی دیکەی کورد لە یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی سەقز، لەکاتی لاسایی کردنەوەی لەسێدارەدان‌دا، پەتێکی هاوشێوەی پەتی سێدارە خستە ملی خۆی و لە ئەنجامدا بووە هۆی خنکانی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ منداڵێکی تەمەن ١٢ سال بەناوی\"میلاد رەنجبەری\" خەڵکی گوندی \"خانەقا\"ی سەربە بەخشی زێویەی شاری سەقز لە کاتی یاری کردندا و بەهۆی لاسایی کردنەوەی یاریی سێدارە گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو رووداوە، ئەو منداڵە تەمەن ١٢ ساڵەیە رۆژی رابردوو رێکەوتی ٢٢ی مانگی خاکەلێوە لەگەڵ چەند منداڵێکی دیکەی هاوتەمەنی خۆی پەتێکی سێدارەی دروست کردووە و خستۆتە ملی خۆی، کە لە ئەنجامدا بۆتە هۆی گیان لەدەست دانی.

پێشتریش لە رێکەوتی ١٠ی مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی منداڵێکی تەمەن ٨ ساڵ لە گوندی کڵاشی لۆلمی شاری جوانڕۆ، بەناوی مێهران یووسفی، کوڕی ئیبارهیم و لەکاتی دووپات کردنەوەی چۆنیەتیی لەسێدارەدانی هاووڵاتییەکدا، گیانی لەدەست دا.

لەکاتی لەسێدارەدانی هاووڵاتییان لەبەر چاوی خەڵک، منداڵانیش وەکوو بینەری لەسێدارەدان لە شوێنی رووداوەکە ئامادە دەبن، کە بەبڕوای کۆمەڵناسان ئەم کارە لەلایەن حکوومەتەوە بە مەبەستی سڕینەوەی ئیسحساسات لە نێو خەڵکدا ئەنجام ئەدرێت، لە ئەنجامدا کوشتن و توندوتیژی لەبەرچاوی خەلک ئاسایی دەبێتەوە.

پێشتر خالید تەوەکولی کۆمەڵناس و مامۆستای زانکۆ لە شاری سەقز، لەلێدوانێکدا بۆ هەواڵنێری کوردپا رایگەیاندبوو، خودی لەسێدارەدان لەبەر چاوی خەڵک لەلایەن حکوومەتەوە راستەخۆ پەرە پێدانی توندوتیژییە و نەبوونی لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەسەر مەسەلەی توندوتیژی بۆ چارەسەریی دیاردەی توندوتیژی، ئەو فاکتانەن کە حکوومەت لە هەمبەر پەرەگرتنی توندوتیژی لە کۆمەڵگەدا لێی بەرپرسیارە.