لاریجانی: زۆر بوونی ئیعدامەکان سزای قیساسی شاردۆتەوە

16:12 - 28 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: بەپێی هەواڵە بڵاوبووەکان،محەممەد جەوادی لاریجانی، بەرپرسی مافی مرۆڤی دەزگای دادوەری لە ئێراندا، ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی بانەمەڕ، ڕایگەیاندووە کە زۆر بوونی ڕێژەی ئیعدامەکان بەهۆی مادە سڕکەرەکانەوە لە ئێران، بۆتە هۆی پشتگوێ خستنی حۆکمی نوورانیی قساس لە ئێراندا.

محەممەدجەواد لاریجانی، لە دانیشتنێکدا خوازیاری پێداچوونەوە بە ڕۆڵی مافی شارۆمەندی و دادوەری لە پاراستنی مافی تۆمەتباراندا بوو.

نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بڵاویان کردووەتەوە کە ئێران لە دوای چین، زۆرترین ڕێژەی ئیعدامی لە جیهاندا هەیە. ئەو ڕێکخراوانە هەروەها بڵاویان کردووەتەوە کە زۆربەی ئەو ئیعدامانە لە ئێراندا پەیوەندیی بە مادە سڕکەرەکانه‌وە هەیە.

لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە ٧٠ کەس لە نوێنەرانی مەجلیسی ئێران، گەڵاڵەیەکیان بۆ لابردنی سزای ئیعدام لەپەیوەندیی لەگەڵ مادە هۆشبەرەکاندا، واژۆ کردووە.

جێی باسە ئەم هەڵوێستەی محەممەد جەوادی لاریجانی نەک بەهۆی دژایەتی کردنی ڕەوتی ئێعدامی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەرەوە، بەڵکوو بۆ بێ‌هیوایی ناوبراو لە بەرجەستە نەبوونی سزای نوورانیی قیساس (کە ئیعدامیش جۆرێ لە قیساس بە ئەژمار دێت) دەگەڕێتەوە. قیساس جۆرێ لە سزای یاسایی ئیسلامیە کە لە ئێران و زۆربەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسڵامی بەڕێوە دەچێت، کە بەپێی جۆری تاوانەکان، وەک دزی و...هتد، سزای جیاوازی هەیە. لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانیش‌دا، هەر لە سەرەتاوە تاکوو ئێستا، ئەم سزایە بەڕێوە چووە و محەممەد جەوادی لاریجانی بۆ نوورانی پیشاندان و بەرچاوهاتنی زۆرتری ئەم کردەوەیە، ڕەخنەی لە زۆر بوونی شێوازەکانی دیکەی ئێعدام گرتووە.