قەڵایەکی کۆن لە ناوشاری کەنگاوەر مەترسیی لەناوچوونی لێ دەکرێ

14:08 - 17 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە شوێنەوارە کۆنەکانی شاری کەنگاوەر لە ئوستانی کرماشان، بەهۆی پێڕانەگەیشتنی ئیدارەی میرات فەرهەنگیی ئەو شارە، لە بەرەبەری تێکڕووخاندایە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، قەڵای \"ساری ئەسلان\" لە شاری کەنگاوەر کە بە یەکێک لە خانووبەرە دەگمەنە کۆنەکانی ئەو شارە دادەندرێ، کە بەهۆی کەمتەرخەمی و پێڕانەگەیشتنەوە مەترسیی لەناوچوونی لێ دەکرێت.

ئەو قەلایە، کە بە خانووی \"قەمەر خانم\"یش دەناسرێ، مێژووەکەی بۆ کۆتاییەکانی دەسەڵاتی سەفەوی و دەستپێکی دەسەڵاتداریی قاجارەکان لە ولاتی ئێراندا دەگەڕێتەوە.

بینای ساری ئەسلان کەلە باکووری شاری کەنگاوەر هەڵکەوتووەو پێکهاتەی ئەو بینایەش لە خشت، گەچ و قوڕ دروست کراوە، یەکێک لە شوێنە گەشتیاری و سەرنجڕاکێشەکانی ئەو شارەیە.

ئەو قەڵایە، حەوشەیەکی گەورە و بینایەک لە بەشی رۆژئاوای قڵاکە، حەمام و تەویلەی تێدایە و هەروەها حەرەمسەرایەکی لە بەشی ناوخۆی قەڵاکەشدا بوونی هەیە.

\"24080.jpg\"
قەڵای \"ساری ئەسلان\" لە شاری کەنگاوەر کە بە یەکێک لە خانووبەرە دەگمەنە کۆنەکانی ئەو شارە دادەندرێ
لە حەوشەی ئەو قەڵایەدا حەوزێک لە بەردی خۆڕسک داتاشراوە و لە دەرەوەی قەڵاکەشدا چەندین جۆر داری وەکوو داری توو، چنار و ئاقاقیا بوونیان هەیە، کە مەترسیی لەناوچوونی ئەو قەڵایە، نیگەرانیی لای چالاکانی شوینەوارناسی شاری کەنگاوەر دروست کردووە.

سەرەتای ئەمساڵی هەتاویش، مۆزەخانەی ئاسەوارە مێژووییەکانی شاری کەنگاوەر لە ئوستانی کرماشان، کە دەیان پارچە ئاسەواری مێژووی تێدا بوو، بەهۆی کەمتەرخەمیی ئیدارەی میرات فەرهەنگیی ئەو شارەوە، لەلایەن کەس یان کەسانێکی نەناسراوەوە تاڵان کرا .

کەمتەرخەمیی ناوەندە پەیونەدیدارەکان و ئیدارەی میرات فەرهەنگیی ئەو شارە لەمەڕ پاراستن و ئاگاداری لەو شوێنەوارە مێژووییەکان بە رادەیەک بووە، کە چالاکان و رێکخراوە مەدەنییەکانی شاری کەنگاوەر لە دەستپێکی سەری ساڵی هەتاویدا بەشێوەی خۆڕسک شوێنەوارە مێژووییەکانی وەک \"پەرستگەی ئاناهیتا\" خاوێن دەکەنەوە.

\"24081.jpg\"