قەسری شیرین/ هێزە نیزامییەکانی حکوومەت ماشینی هاووڵاتییەکیان دایەبەر دەسڕێژیی گولـلە

10:49 - 2 رێبەندان 2719

ڕۆژی دووشەممە، ٣٠ی بەفرانبار، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە نزیک قەسری شیرین سەر بە پارێزگای کرماشان، تەقەیان لە ماشینی هاووڵاتییەک کرد و برینداریان کرد.

لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، هاووڵاتییەک بە ناوی "مەزهەر سەید ڕۆستەمی"، خەڵکی گوندی "ڕەجەب تاوەگۆزی"، سەر بە سەلاسی باوەجانی، بەسەختی بریندار بووە و هەنووکە لە نەخۆشخانەی تاڵەقانیی کرماشان لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە.

دەوترێت، هێزە نیزامییەکانی حکوومەت ماشینی ئەو هاووڵاتییەیان بەبێ ئەوەی شتومەکی قاچاخی پێ بووبێت، داوەتە بەر دەسڕێژیی گوللـە.

هەروەها هێزە نیزامییەکان، "فاتێح میرزایی"، خەڵکی گوندی "مەیدانی نەمەک" سەر بە سەلاسی باوەجانی، کە یەکێکی دیکە لە موسافیرانی ئەو ماشینە بووە، دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستووە.