قەسری شیرین؛ هاووڵاتییەکی ناڕازی بە تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان گیانی لە دەست دا
16:13 - 5 خەزەڵوەر 2722
ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٤ی خەزەڵوەر، هاووڵاتییەکی ناڕازی بە ناوی "ئەفشین ئاشام" تەمەن ۲٨ ساڵ، خەڵکی گوندی "سوورک سنجابی" و دانیشتووی گەڕەکی "پاڵی ئاوا"ی شاری قەسری شیرین، لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکان، بە تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان گیانی لە دەست دا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزه ئەمنییەتییەکان تەرمی ئەو هاووڵاتییە ناڕازییەیان ڕفاندووە و ڕەوانەی بنکەی سپای نەبی ئەکەرەمی کرماشان کردووە و هەتا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی، نەدراوەتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٥ی خەزەڵوەر، کۆڕی ڕاوێژکاری چاڵاکانی مەدەنیی یارسان، لە بەیاننامەیەکدا، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی گیانلەدەستدانی ئەو لاوە ڕایگەیاندووە کە لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی دوێنێ شەو بەبۆنەی چلەی ژینا ئەمینی، لە شاری قەسری شیرین ڕووی دا، یەکێکی دیکە لە لاوانی یارسان بە ناوی ''ئەفشین ئاشام'' کوژرا.