قەساسی سیاسییەکی کورد لە قوم یەکلایی کرایەوە

15:12 - 29 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: دیوانی بەرزی وڵات لە لقێکی خۆی لە شاری قوم، حوکمی قەساس و زیندانی بۆ شەش چالاکی سیاسیی کورد پەسند کردەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حوکمی قەساسی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی کەماڵ ئەحمەدنژاد کوڕی ڕەحیم لە دیوانی بەرزی وڵات، لقی قوم، پەسند کرا.

ئەم چالاکە سیاسییە لە لایەن لقی یەکی کەیفەریی شاری میاندوواو بە تۆمەتی \"کوشتنی کەسێکی بەسیجی\" حوکمی سێدارەی بۆ بڕابوویەوە.

پەسندکردنی حوکمی دادگای سەرەتایی لە دیوانی بەرزی وڵات بە ئاگاداری کەماڵ ئەحمەدنژاد گەیشتووە.

ناوبراو پێشتر وێڕای ڕەتکردنەوەی تۆمەتی وەپاڵ دراو، دانپێدانانی زۆرەملیی خۆی لە شاشەی \"پرس تی وی\" بە ئەشکەنجە و گوێ نەدانی دادوەر بە پارێزەرەکەی پێوەند دابوویەوە.

هەر لەم دۆسیەدا، ٥ گیراوی دیکەش کە بەفرانباری ٩٣ لە لایەن هێزی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران، سزای ٧٥ ساڵ زیندانییان بۆ بڕاوەتەوە و حەوتووی پێشوو پێیان ڕاگەیندراوە.

هەڵمەت عەبدۆڵاهی کوڕی محەممەد، سلێمان کوردی کوڕی ڕەحمان، سەعید سیاهی و مستەفا تاهازادە کوڕی عوسمان ناوی ئەو چالاکە سیاسییانەن کە دیوانی بەرزی وڵات لە قوم حوکمی ١٥ ساڵ بۆ هەرکام لەوانی لە دادگای میاندوواوی، وەکوو خۆی پەسند کردووەتەوە.

هەروەها دەزگای دادوەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ئەم ٦ هاووڵاتییە کوردەی بە ئەندامەتی و پڕۆپاگەندە بۆ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان تۆمەتبار کردووە.

کەماڵ ئەحمەدنژاد ناوەڕاستی بەفرانباری ئەو ساڵ لە نامەیەک بۆ عاسێمە جەهانگیر باسی ئەشکەنجە و گوشار لەکاتی دەستبەسەری و دانپێدانانی تەلەفێزیۆنی کردبوو و ڕایگەیاند؛ \"بێ تاوانم و ناوەندە ئەمنییەکان بەتەمای قوربانی کردنی منن.\"

تۆڕی مافی کرۆڤی کوردستان بڵاوی کردەوە کە لە ئێستادا کەماڵ ئەحمەدنژاد هاوڕێ لەگەڵ سلێمان کوردی بەهۆی بێ توانایی ماڵی لە دانی وەسیقە، لە گرتووخانەی میاندوو ڕاگیراون.

ئەو ٦ هاووڵاتییە کوردە خەڵکی گوندی \"گامێشگۆلی\"ـی ناوچەی ئاڵەشینی بۆکانن.

لینکی پێوەندیدار:
هێزە ئیتلاعاتییەکان لاویکی دیکەیان لە بۆکان دەستبەسەر کرد
هێزە ئیتلاعاتییەکان ٤ لاوی کوردیان لە بۆکان و مەهاباد دەستبەسەر کرد