قەرەباڵغیی بازاری فرۆشی سكە لە سنە کێشەی بۆ هاووڵاتییان ساز کردووە

14:41 - 22 سەرماوەز 2711
كوردپا: فرۆشی سكە لە شەقامی تاڵەقانیی شاری سنە بۆتە هۆی درووست بوونی قەرەباڵغی و هەتا ئێستا چەندین جار لە نێوان هاووڵاتییاندا كێشە و پێكدادان هاتۆتە ئاراوە.

لە شاری سنە ژمارەیەكی بەرچاو لە خەڵكی ئەو شارە بۆ كڕینی سكە سەردانی لقێكی بانكی ناوەندییان لە شەقامی تاڵەقانیی كردووە و هاووڵاتییان لەو باوەڕە دان كە نرخی سكەكانی ناو بانكەكان نزیك بە 50 هەزار تمەن لەگەڵ بازار جیاوازییان هەیە.

مەنووچهر رەزا نیا، بەرپرسی بانكەكانی كوردستان بە هەواڵدەریی \"ئیرنا\"ی راگەیاندووە، هیچ بەربەستێك لەمەڕ فرۆشی كەم یان زۆری سكە لەلایەن با‌نكەكانەوە لە ئارادا نیە و خەڵك دەتوانن راستەوخۆ لە بانكەكان سكە بكڕن.

سەرچاوەكە ئاشكراشی كرد، بەشێك لە كڕیارانی سكە بۆماوەی چەندین رۆژە لەبەردەم بانكەكان لە چاوەڕوانی دان.

بە وتەی ئەو هاووڵاتییانە دوابەدوای كڕینی سكە لە بانكەكان دەتوانین بە نرخێكی گرانتر لە بازاری ئازاد بیفروشینەوە.

هێندێ‌ لە هاووڵاتییان لەو باوەڕە دان بە مەبەستی پێشگری لە درووست بوونی قەرەباڵغی دەكرا خوازیارانی سكە لە رێگای ئینتێرنێتەوە ناونووسی بكەن و لە رۆژی دیاری كراودا سەردانی بانكەكان بكەن.

رەزا نیا ئەوەشی خستە روو، هەر سكەیەك جیاوازی پارەكەی لەگەڵ دەرەوە نزیك بە50 هەتا 40 هەزار تمەنە.