قەرزی ٤٠٠ میلیارد تمەنی بە بانکی کوردستان، لێی خۆش بوون

20:56 - 16 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: یەکێ لە لێپرسراوانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری سنە پەردەی لەسەر گەندەڵیی میلیاردی لە سیستەمی ماڵیی پارێزگای کوردستان هەڵدایەوە.


بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، نوێنەری وەلی فەقیهـ لە پارێزگای کوردستان باسی لە لێخۆش بوونی ٤٠٠ میلیارد تمەنیی وەدواخراوی بانکیی کەسێک لە سنە کرد.

لەقاودانی حوسەینی شاهروودی سەرەتای ئەو حەوتوویە لە کۆبوونەوەی بەڕێوەبەرانی کۆمیتەتی ئیمداد وتوویەتی.

ناوبراو ئەو هەوڵانە بە \"دزی ماقووڵانە\" ناو دەبات و دەڵێت: \"دەبێ ڕوون بکرێتەوە کە ٤٠٠ میلیارد تمەنە چووەتە کوێ.\"

پلەبەرزترین لێپرسراوی حکوومتی لە پارێزگای کوردستان لە هێنانی ناسنامەی کەسی پێیبژێردراو لە وەدواخراوی بانکی و ناوی بانکەکەش خۆی بوارد.

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە و دەنگدانەوەی بەربڵاوی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستاندا، ئیرنا لە هەواڵێکی کورتی تلێگرامی لەزاری پارێزگای کوردستان نووسی؛ لێبوورینی قەرزی ٤٠٠ میلیارد تمەنی بانکی بە هیچ شێوەیەک ڕووی نەداوە.\"

حوسەینی شاهروودی هەروەها باسی لەوەش کردووە کە قەرزی ٤٠٠ میلیارد تمەنی لە سیستەمی بانکی کوردستان تەنیا بە یەکێ لە حاڵەتەکان هەژمار دەبێ.

لەم بەستێنەشدا پێشتر دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامی لە شاری کرماشان لەهەمبەر گەڕاندنەوەی سەرمایەی هاووڵاتییانی کورد لە گەندەڵیی ١٦٨ میلیاردی \" نووسینگەی گڵێم و گەبەی کرماشان\" دەستەووەستانی خۆی ڕاگەیاند بوو.

لەقاودانی گەندەڵیی ماڵیی لە دامودەزگای حکوومەتی لە کاتێکدایە کە تەنیا لە پارێزگای کوردستان زیاتر لە ٧٠ هەزار کەس بۆ دەستخستنی چەند هەزار تمەن لە کۆڵبەری سەرسنوورەکان، ناویان تۆمار کردووە.

بەپێی وتەی بەرپرسی کۆمیتەی ئیمداد لە ئێستادا نزیک بە ١١ میلیۆن نەفەر لە ئێراندا لەژێر هێڵی هەژاریدان.

لینکی پەیوەندیدار:
گەندەڵیی میلیاردی لە کرماشان \"بێ گەڕانەوە\" ڕاگەیەندرا