قەرزداری پاڵاوگەی ئاناهیتای ڕادەستی کەرتی تایبەت کرد

15:07 - 27 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: نوێنەرانی شاری کرماشان لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامی لە هەمبەر دانی پاڵاوگەی شیرکەتی ئاناهیتا بە کەرتی تایبەت بە توندی ناڕەزایەتی دەردەبڕن.

هەواڵدەریی فارس لە زاری بەرپرسی کۆڕی نوێنەرانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران لە شاری کرماشان، بڵاوی کردەوە، پارێزگای کرماشان پلەی یەکەمی بێکاری لە ئاستی ئێراندا هەیە، دانی ئەو پاڵاوگەیە بە کەرتی تایبەت دەبێتە هۆی بێکاریی کرێکارەکانی.

سەید قاسم جاسمی، دانی ئەو پاڵاوگەیە بە کەرتی تایبەت بۆ قەرزدار بوونی ئەو پاڵاوگەیە گەڕاندەوە و ڕایگەیاند: لۆژیکی نیە ئەو پاڵاوگەیە زەرەر بکات و ٢هەزار کرێکار بێکار بێت.

ئەو نوێنەرەی مەجلیس، بە ئاماژە کردن بە بێ‌بەرنامەیی بەخشی سنعەت و بەرهەمی پارێزگای کرماشان ڕایگەیاند: بەرپرسان بە جێگای دیتنەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ پێشگیری لە دیاردەی بێکاری لە پارێزگای کرماشان کە لە زۆر بواردا دیاردە نەشیاوەکانی کۆمەڵایەتی لێ کەوتووەتەوە، مەبەستیانە یەکەکانی سنعەت لە ژێر دەست ئەو پارێزگایە بێننەدەر.

بە وتەی ناوبراو، پاڵاوگەی ئابادان نزیکەی ٢ میلیارد و ٦٠٠ میلیون تمەن زەرەری کردووە، بۆچی ئەو پاڵاوگەیە نادەن بە کەرتی تایبەت!.

جاسمی ناڕەزایەتیی توندی خۆی سەبارەت بە دانی ئەو پاڵاوگەیە بە کەرتی تایبەت دەربڕی و گوتی: بڕیارە ئەمڕو بەرپرسی ڕێکخراوی کەرتی تایبەت سەردانی مەجلیس بکات و ئێمە ناڕەزیەتیی خۆمان سەبارەت بەو بڕیارە دەردەبڕین.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ئەندامی کۆمیسیونی بەرنامە و بودجە و ژمێریاری گوتی: ئێمە پێشینەی باشمان لە شاری کرماشان لە دانی شیرکەتەکان بە کەرتی تایبەت نیە، چوونکە هەرچی تا ئێستا بە بەشی کەرتی تایبەت دراوە، ئەو شیرکەتانە لەناو چوون.

عەبدولڕەزا میسری دەڵێت؛ ئێمە بیرەوەری باشمان لەدانی گارگە و پێشە دەستیەکانمان بە کەرتی تایبەت نیە و سەرەڕای بێکار بوونی کرێکاران، ئەو کارگانەش تەفروتوونا بوون.