قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران ڕاگەیەندراوێکی دژی حدکا بڵاو کردەوە

15:36 - 23 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران، لە ڕاگەیەندراوێکدا لە هەمبەر ڕاگەیەندراوەکەی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، سەر بە حدکا سەبارت بە شەڕ و تێکەڵچوون لە شاری شنۆ دژکردەوەی نیشان دا.

پەیوەندییە گشتییەکانی قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران لەو ڕاگەیەندراوەدا، ڕاگەیاندووە: \"وادێتە بەرچاو هێزەکانی دژبەری ئینقلاب و بەکرێگیراوانی دەستی وڵاتانی ملهۆڕ، پاش ناکامبوونەکانی ئەم دواییانەی بۆ دەستپڕاگەیشتنی ئامانجە خراپکارنەکانیان، تووشی تەوهۆم بوون، لەو ڕوانگەیەوە هەوڵیان داوە بە ڕەپاڵخستن و چەواشەکردنی ڕاستییەکان لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی درۆ دەستپێشخەریان کردووە و لە بواری تەوهۆمبوون و بە ئامانجی دڵخۆشکردنی ئاغاکانیان و وەردان بە هێزە لەنێوچوو و جەنایەتکارەکانیانن\".

قەرارگای حەمزە لەو ڕاگەیەندراوەدا باسی لە \"وڵامدانەوەی لێبڕاوانە\" بە چالاکیی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات، لە قووڵایی خاکی عێراق کردووە.

ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی جۆزەردان، فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەر بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک شەڕ و تێکەڵچوونی پێشمەرگەکانی ئەو حیزبە و سپای پاسدارانی لە ناوچەی شنۆ پشتڕاست کردەوە.

راگەیەندنەکانی ڕێژیمی ئیسلامی و هێندێ میدیای دیکە، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا دەنگۆی شەهیدبوونی ٧ پێشمەرگەیان ڕاگەیاندبوو، بۆیە لەو پێوەندییەدا وێڕای وەدرۆخستنەوەی رێژیمی کۆماری ئیسلامی، هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە هیچ زیانێک وەبەر هێزی پێشمەرگە نەکەوتووە و پێشمەرگەکانی کوردستان بە سڵامەت درێژەیان بە ئەرک و مەئموورییەتەکانی خۆیان داوە.

قەرارگای حەمزە ئیددعای ئەوەی کردووە، کە هێزەکانی سپای پاسداران لەو شەڕدا، هیچ کوژرا و بریندارێکیان نییە، بەڵام فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان باسی لە زەرە و زیانی قورسی بەرکەوتووی سپای پاسداران لە لایەن پێشمەرگەکانی ئەو حیزبە کردووە.

پاش ڕاگەیاندنی \"ڕاسانی ڕۆژهەڵات\" لە نەورۆزی ٩٥ لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، چەندین شەڕ و تێکەڵچوون لە نێوان هێزەکانی ئەم حیزبە و سپای پاسداران هاتبووە ئاراوە.