قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران هەڕەشەی لە حدکا کرد

15:46 - 5 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: پاش شەڕ و تێکەڵچوونی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، لەگەڵ پێشمەرگەکانی حدکا، قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران، هەڕەشەی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد.

قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران، لە بەیاننامەیەکدا هۆشداری بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران داوە، کە \"هیچ شوێنێکی جیهان بۆ ئەوان ئەمن نابێت\".

قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران وێڕای هەڕەشە لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیۆنی حکوومەتی ئێران رایگەیاندووە: \"قەرارگای حەمزە بەو حیزبانەی سەر بە وڵاتە زلهێزەکانی جیهانین هۆشداری دەدات، کە لەو هەوڵە شووم و تێرۆریستییەی خۆیان دەست هەڵگرن و قومارۆچکەی دەستی دوژمنانی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەبن، کە لە ئەگەری دووپات بوونەوەی حاڵەتگەلێکی لەو چەشنە، لە هیچ شوێنێکی ئەم جیهانەدا ئەمنییەت بە خۆیانەوە نابینن و هەوڵی ڕاودوونان و لەنێوبردنیان بە شێوەی گشتی دەدرێت\".

ڕۆژی یەکشەممە ٣ی جۆزەردان، شەڕ و تێکەڵچوون لە نێوان پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات لەگەڵ هێزە ئینتزامییەکان لە شاری پیرانشار ڕووی دا و لەو شەڕ و تێکەڵچوونەدا، \"ستوان دووهەم سەید محەممەد هاشمی\" کوژرا و کەسێکی دیکە بە ناوی \"کەسرا عەبدولعەلیزادە\" لەو شەڕەدا، لاقی بریندار بووە کە دواتر فەرمانده‌یی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەر به حدکا، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک وێرای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، باسی لە گیانی لە دەستدانی یەکێک لە پێشمەرگەکانی خۆی بە ناوی \"سامان شیوەسەڵی\" خەڵکی شاری سەردەشت، لەو شەڕ و تێکەڵچوونەدا کرد.
قەرارگای حەمزە بۆ زەربەلێدانی نیزامیی لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیۆنی حکوومەتی ئێران دامەزراوە و لە پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشان چالاکی دەکات.

لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، چەندین شەڕ و تێکەڵچوون لە نێوان هێزەکانی حدکا و هێزەکانی سپای پاسداران لە کوردستانی ئێراندا هاتبووە ئاراوە.