قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران هەڕەشە لە حیزبە کوردییەکان دەکات

15:51 - 31 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران لەبەرامبەر چالاکی حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دژکردەوەی نیشان دا.

قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران لە هەواڵێکدا دووپاتی کردەوە لەگەڵ هەر جموجۆڵ و چالاکییەکی حیزبە کوردییەکان لە قوڵایی خاکی کوردستان لەگەڵی بەڕەوروو دەبنەوە.

قەراگای حەمزەی سپای پاسداران بە ئاماژە کردن بە ئامادەیی ئەو هێزە ڕایگەیاند:\" هۆشدار بە حیزبە کوردییەکان دەدەین لە ئەگەری هەر جۆرە جموجۆڵێک و دەستدرێژییەکی ئەوان هەتا بنکەکانی خۆیان ڕاویان دەنێنن و بە توندی سزایان دەدەین\".

ئەو هەوڵویستەی قەراگای حەمزەی سپای پاسداران لە کاتێکدایە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ١٧دەهەمین پلینۆمی خۆیدا پێداگری لە سەر بەهێزتر کردنی خەباتی نەتەوەیی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کردبوو.

ماوەیەک پێش، قەرارگای حەمزەی سپای پاسدران بێ لایەنی هەرێمی کوردستانی لە پرسی حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران\"بێ واتا\" وەسف کردبوو.

وتەبێژی قەرارگای حەمزە داوای لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە پابەند بە ڕێککەوتنە ئەمنیەتییەکانی نێوانیان لەگەڵ حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بێت.

قەرارگای حەمزە بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دامەزراوە و لە پارێزگاکانی سنە، ورمێ و کرماشان چالاکی دەکات.

پێشتریش، لە ماوەی مانگەکانی پێشوودا، شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان ‌هێزە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن و سپای پاسداران هاتبووە ئاراوە.