قیرتاوی ڕێگای گوندەکانی کوردستان خراپترینە لە ئاستی ئێراندا

20:29 - 26 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسی ڕێگاو شارسازیی پارێزگای کوردستان ڕایگەیاندووە کە؛ \"پارێزگای کوردستان لە نێونجی گشتیی وڵاتی ئێران لە بواری ئاسفاڵت و قیرتاوەوە لە پلەی ئاخردا جێی گرتووە\".

هەواڵدەریی \"تەسنیم\" لە زاری \"شەهرام مەلێکی\" لە هەشتەمین کۆبوونەوەی ئابووریی خۆڕاگری لە پارێزگای کوردستان، ڕایگەیاند کە؛ \"بەگشتی درێژایی ڕێگا قیرتاو کراوەکان لە ٣١ پارێزگای ئێراندا نزیک بە ١٠٠و ٥ هەزار کیلۆمیترە و ئەم ڕێژەیە لە پارێزگای کوردستاندا ٢هەزار و ٧١٦ کیلۆمیتر بەراوەرد کراوە\".

ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە حکوومەتی ئیران بۆ دابینکردنی کەرەستەی شەڕ بۆ وڵاتی سووریە و عێراق‌ لە هیچ یارمەتییەک چاوپۆشی ناکات، بەڵام بە دوای ٤ دەیە لە دەسەڵاتداریی خۆی ،هێشتا شارەکان و گوندەکانی کوردستان لە ئێران لە بوونی ڕێگاوبانی قیرتاوکراو بێبەشن.