قوربانیی تەقینەوەکەی دێهلۆران گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەی تاران

15:11 - 4 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: قوربانیی تەقینەوەکەی دێهلۆران به هۆی ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستی و قووڵی برینەکانیەوە گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەی \" بەقیەتوڵلا\"ی شاری تاران.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"ڕۆحوڵلا پاریاب\"، تەمەن ٤٧ ساڵ، خەڵکی شاری دێهلوران که به هۆی تەقینەوەی مینی دژه تانکی M19 به توندی بریندار بووه، ئەگەری ئەوە هەیە که چاوی ڕاستی خۆی لە دەست بدات.

به وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە کوردە به هۆی برینەکانیەوە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی لە نەخۆشخانەی \"گەنجەویان\"ی شاری دێزفوولەوە بۆ نەخۆشخانەی \" بەقیەتوڵلا \"ی شاری تاران گوازرایەوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارارە ڕایگەیاند: پاش پشکنینی چاو، دوکتۆری پسپۆڕ، چاوی ئەم هاووڵاتییە کوردەی شوشت و وردە شیشەکانی لێ دەرهێنا، چاوی چەپی لە باری بینینەوە کێشەیەکی نەبوو بەڵام چاوی ڕاستی کێشەی بینینی هەیە و شیشەی شکاوی تێدا چەقیوە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢ی بەفرانبار، ئەم هاووڵاتییە کوردە که شۆفێری لۆدرێکی تایبەت به ناوەندی پاک کردنەوەی مینی ئێران بووە، لە مینی دژه تانکی M19ەی داوە و پاشان بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی \"‌گنجویان\" لە شاری دێزفوولدا کراوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە خێزاندارە و دوو منداڵی هەیە.