قوربانیانی تەقینەوەی مین لە کوردستان چارەنووسیان ناڕوونه

19:26 - 12 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: دۆسیەی زۆربەی قوربانیانی تەقینەوەی مین لە شاری سەردەشت بێ وڵام ماوەتەوە و قوربانیانی مین چاوەروانن دۆسیەکانیان بەدواداچوونی بۆ بکرێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆمیسیۆنی ماددەی ٢ی فەرمانداریی شاری سەردەشت خۆی لە بەدواداچوونی دۆسیەی قوربانیانی مین دەبوێرێت و دۆسیەی زۆربەی قوربانیانی تەقینەوەی مین لە شاری سەردەشت بێ وڵام ماوەتەوە.

یەکێک لە قوربانیانی مین لە شاری سەردەشت لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی کوردپا باسی لەوە کردووە: \" من که قوربانیی تەقینەوەی مین بوومە دوای تێپەڕبوونی چەند ساڵ هەتا ئێستا چاوەڕوانی ئەوەم دۆسیەکەم لە کۆمیسیۆنی ماددەی ٢ی فەرمانداریی سەردەشت بەدواداچوونی بۆ بکرێت\".

ئەو قوربانییەی تەقینەوەی مین کە بە هۆکاری ئەمنییەتی نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت گوتی: \"خۆی و زۆربەی قوربانیانی دیکەی تەقینەوەی مین لە هەر چەشنە خزمەتگوزاریی پزیشکی و یارمەتیی ماددیی بێبەشن\".
ناوبراو جەختی کردەوە: \"هیچ کام لە ناوەندە پێوەندیدارەکانی حکوومەت وەک بونیادی جانبازان، بێهزیستی و کۆمیتەی ئیمداد وڵامدەری دۆخی نالەباری ئێمە نین\".

بە وتەی ئەو قوربانییەی مین، تەنانەت ناوەندە حکوومەتییەکان لە دانی دەفتەرچەی دەرمانی بۆ قوربانیانی مین خۆ دەبوێرن و بە تێچووی شەخسی کاروباری پزیشکیی خۆیان دەدەن.

بە وتەی ئەو هاووڵاتییە کوردە هەتا ئێسا ڕوون نییە کە بۆچی فەرمانداریی شاری سەردەشت خۆی لە دۆسیەی قوربانیانی مین دەبوێرێت.

بەپێی لێکۆڵینەوە فەرمییەکان، ئێران دووهەمین وڵاتی ئاڵوودە بە مین لە ئاستی دنیا دایە. ٤ میلیۆن و ٢٠٠ هەزار هێکتار لە ئێراندا ئاڵوودە بە مینه کە ١٦ میلیۆن مین مەزندە کراوە.

دوای تێپەڕینی ٣٠ ساڵ بەسەر شەڕی ئێران و عێراق، مینە بەجێماوەکان بەردەوام قوربانییان لێ دەکەوێتەوە.

پارێزگاکانی ورمێ، سنه، کرماشان، ئیلام و خوزستان پێنج پارێزگای سەرەکی لە ئێران دان کە ئاڵوودە بە مینن.