قوربانی بوونی ٥ سەر کەڵەکێوی زەرد لەکرماشان بە هۆی کەمتەرخەمی ئیدارەی ژینگەپارێزییەوە

19:42 - 9 خەرمانان 2715
کوردپا: کەڵەکێوییەکی زەرد لەکاتی گرتنی بە زیندوویی بە مەبەستی راگواستنی بۆ شوێنێکی دیکە لەلایەن مەئموورانی رێکخراوی ژینگەپارێزییەوە بە کوشت چوو.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەئەنجامی گرتنەبەری شێوازی هەڵە و نادروست بەمەبەستی گرتنی کەڵەکێوی زەرد، ٥ سەر لە کەڵەکێوییەکانی سایتی ناوچەی \"درابادام\" لە ١٥ کیلومێتری جادەی نێوان ئیسلام ئاوا و گیلانغەرب بەسەختی بریندار بوون.

کەڵەکێوییەکان لە کاتی گرتن و راگواستنیان، زامیان بەر کەوتووە و یەکێکیان بە هۆی سەختی برینەکەی لەناو چووە.

ماوەیەک لەمەوبەر رێکخراوی ژینگەپارێزیی ئوستانی کرماسان بڕیاری دابوو کە ئەو جۆرە کەڵەکێویانە کە \"دەگمەن\" و مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە، لەناوچەی پارێزراوی قەڵاجەوە ببردرێنە ئوستانی خوزستان.

بەڕێوەبەری ئیدارەی ژێنگەپارێزی ئوستانی خوزستان لەوتووێژێکدا لەگەڵ رۆژنامەی \"وەتەنی ئێمرووز\" رایگەیاندووە: پێرسۆنێلی ژینگەی ئاژەڵان (حیات وحش)ی سەر بە رێکخراوی ژینگەپارێزی خوزستان، بەرپرسیاری لەناوچوون و بەکوشت چوونی ئەو کەڵەکێویانەن.

بە وتەی عادڵ مەولا، ئەو مەئموورانە تەنانەت راوێژیان لەگەڵ کارناسانی ئیدارەی ژینگەپارێزی شاری کرماشانیش نەکردووە.

پووشپەڕی ساڵی رابردووش لە ناوچەی پارێزراوی کرماشان کەڵەکێویەکی نێر بە هۆی کەمتەرخەمی و ناشارەزایی لە تیمارکردنیدا لەناو چوو بوو.

ماوەیەکە گەڵاڵەی راگواستنی کەڵەکێوی زەرد لەکوردستان بۆ ناوچەکانی دیکەی ئێران کاری لەسەر دەکرێت، کە ئەوەش لەگەڵ رەخنەی توندی چالاکانی ژینگەی ئاژەڵان بەرەوڕوو بووەتەوە.

چالاکانی ژینگە لەو باوەڕەدان راگواستنی ئەو کەڵەکێویانە لە حاڵێکدایە کە ناوچە دارستانیەکانی زاگرۆس و دارستانە گەرمەکانی باشووری کوردستانی ئێران باشترین شوێنی سروشتی بۆ کەڵەکێوی زەردەن.