قوتابییەکی کورد لە ئۆڵمپیادی (نانۆ)دا سەرکەوتنی بەدەست هێنا

21:26 - 22 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: قوتابییەکی کوردی خەڵکی شاری سنە لە تاقیکردنەوەکانی (ئۆڵمپیادی نانۆ)دا، لە وڵاتی ئێران سەرکەوتنی بەدەست هێنا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە تاقیکردنەوەکانی پێنجەمین (ئۆڵمپیادی نانۆ)دا، پارسا حاتەمی قوتابیی قوتابخانەی دواناوەندیی بیرتیژانی ناحیەی ٢ی شاری سنە، پلەی چوارەمی بەدەست هێنا و توانی بگاتە قۆناغی دووەم ئەو ئۆڵمپیادە.

ئەم قوتابییە کوردە، لە نێوان ٢٥ هەزار و ٧٩٧ بەشداربوودا ئەو سەرکەوتنەی بەدەست هێناوەو بە گشتی ٣٠ قوتابی بە وڵامدانەوەی ٦٠ پرسیاری تیۆری گەیشتوونەتە قۆناغی دووەم و کۆتایی ئۆڵمپیادی نانۆ.

\"20479.jpg\"
بەگشتی ٢٦٧ کەس لە قوتابی‌یە کوردەکانی شاری سنە، بۆ قۆناغی یەکەمی پێنجەمین ئۆڵمپیادی زانست و تەکنۆلۆژیای نانۆ ناونووسییان کردبوو.

قۆناغی دووەمی ئۆڵمپیادی نانۆ، خولێکی زانستیی و پەروەردەیی١٠ رۆژەیە، کەلە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ لە رێکخراوی توێژینەوە بەرێوە دەچێت و لەم خولەدا قوتابییان لە تاقیگەدا خوڵێکی پەروەردەیی دروست کردنی مەواد و بەکارهێنانی نانۆدا بەشداری دەکەن و تاقیکردنەوەیەکی تیۆری، زانستی و تاقیگەیی بەرێوە دەچێت و لە کۆتایی‌دا کەسانی سەرکەوتوو دەستنیشان و خەڵات دەکرێن.

لە ئۆڵمپیادەدا پلەی یەکەم خەڵاتی زێڕ و پلەی دووەم نوقرە و پلەی سێیەمیش برۆنز وەردەگرن و بە سێ کەسی دواتریش دیپلۆمی شانازی دەبەخشرێت.

نانۆتەکنۆلۆژی رشتەیەک لە زانستی تەکنۆلۆژیا و فەنناوەری‌یە، کە بابەتە سەرەکی‌یەکەی کۆنتڕۆڵ و مەهار کردنی ماددە یان چەند دەزگایەکی زۆر بچووکە و بە شەپۆلی چوارەمی شۆڕشی پیشەیی لە قەڵەم ئەدرێت.