قوتابییەکی کورد لە سەقز بەهۆی هەڵگرتنی کەرەستەی یاریکردن بەر لێدان و ئازار دەکەوێت

14:32 - 22 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: جارێکی‌تر قوتابییەکی کورد لەلایەن مامۆستاکەیەوە لە یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری سەقز بەر لێدان کەوت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری سەقز قوتابییەکی پۆلی سێهەمی سەرەتایی لە لایەن مامۆستاکەیەوە بەر لێدان و ئازاردان دەکەوێت.

ئەم منداڵە ٩ ساڵە کە تووشی نەخۆشی دیابێتیشە، تەنیا بەهۆی ئەوەیکە یەکێک لە کەرەستەکانی یاری‌کردنی بۆ قوتابخانە بردووە کەوتووەتە بەر لێدان و کوتانی مامۆستاکەی کە بەو هۆیەوە ماوەی ٢ ڕۆژ لە نەخۆشخانەدا ڕاگیراوە.

بەپێی ئەم هەواڵە، بنەماڵەی ئەم قوتابییە لە ترسی ئەوەیکە مامۆستاکەی ڕق لە منداڵەکەیان هەڵنەگرێت حازر نەبوونە لە ڕاگەیەنەکاندا باسی ئەم ڕووداوە بکەن.

ئەمە یەکەمجار نییە کە لە قوتابخانەکانی ئێراندا حاڵەتی لەم شێوە ڕوو دەدات و پێشتریش هەواڵی لەم چەشنە لە چەندین شاری وەک \"ئەلیگودەرز\"، \"هەمەدان\"، \"زاهێدان\"، \"وەرامین\"، \"گەناوە\"، \"گیلان\"، \"هەنار\"، \"تاران\" و چەند شاری دیکەی ئێران و تەمبێ‌کردنی سەیر و سەمەرەی قوتابیان لە لایەن مامۆستا و بەرپرسانی قوتابخانەکانەوە بڵاو کراوەتەوە.

ئەم چەشنە هەواڵانە لە کاتیکدا بڵاو دەبنەوە کە بەرپرسانی حکوومەتی بەتایبەت لەو دەوڵەتی ڕوحانی، بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکەن کە داکۆکیکاری کەرامەتی مرۆڤەکانن.