قوتابییەکی تەمەن ١٧ ساڵ و ژنێکی تەمەن ٢١ ساڵی کورد خۆیان کوشت

14:45 - 17 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی تەمەن ١٧ ساڵە و ژنێکی تەمەن ٢١ ساڵ لە شارەکانی جوانڕۆ و سەلاسی باوەجانی کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێنا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەئێوارەی رۆژی رابردوو لاویکی کوردی خەڵکی گەڕەکی \"قڕگە\"ی شاری جوانڕۆ هەوڵی خۆکوژیی داو لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

هەواڵنێری کوردپا لە جوانڕۆ، شوناسی ئەو لاوە کوردەی \"مەروان تەییبی\"، خوێندکاری ساڵی دووەمی دواناوەندی راگەیاندووە.

هەتا ئێستا هۆکاری خۆکوژیی ئەو لاوە کوردەی خەڵکی جوانڕۆ بۆ ئاژانسی کوردپا روون نەبۆتەوە.

لەلایەکی دیکەوە رۆژی شەممەی ئەم حەفتەیە، ژنێکی تەمەن ٢١ ساڵەی خەڵکی تازئاوای سەربە شاری سەلاسی باوەجانی لە رێگەی خۆهەڵواسینەوە هەوڵی خۆکوشتنی داو کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

هەتا ئێستا هۆکاری خۆکوژیی ئەو ژنە کە دایکی کچێکیشە، روون نەبۆتەوە.
تەرمی ئەو ژنە پاش پشکنین لە پزیشکی دادوەریی جوانڕۆ، رادەستی کەسوکاری کراوەتەوە.

دۆخی نالەباری ئابووری، بێکاری و نەبوونی داهاتوویەکی روون و لەگەڵ ئەوەشدا نەبوونی هیوا بە گۆڕانکاری لە دۆخی هەنووکەییدا، سەرکوتی کۆمەڵایەتی و یاسای هەڵاواردنکارانە و نەبوونی ئازادی لە هەڵبژاردن لە شێواز و چۆنیەتیی ژیان کردندا وەکوو پێکهێنانی ژیانی هاوبەش، کار و پیشە لە هۆکارەکانی چوونە سەرەوەی ئاماری خۆکوژی لە وڵاتی ئێراندان.

هادی موعتەمیدی، دەروونناس و ئەندامی لێژنەی زانستیی زانکۆی توانا بەخشیی تاران سەبارەت بە چوونەسەرەوەی ئاماری خۆکوژی لە ئێران راگەیاندووە: \"بەڕێوەبردنی سیاسەتی هەڵەی زیادکردنی حەشیمەت بەبێ لەبەرچاو گرتنی پێداویستییەکانی ئەو خەڵکە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی خۆکوژی لە نێو لاواندا بووە، چونکە ئەمڕۆ لاوان لەگەڵ کۆمەڵێک کێشەی وەکوو بێکاری، تووشبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، قەیرانی شوناس و پووچ‌گەرایی لە کۆمەڵگا بەرەوڕوون\".