قوتابییانی گوندێکی پاوە، چالاکییەکی ژینگەپارێزییان بەڕێوەبرد

16:11 - 22 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: قوتابییانی گوندی \"نۆریاو\"ی شاری پاوە، سەر بە پارێزگای کرماشان، بە دروشمی \"کاغەز زبڵ نییە\"، چالاکییەکی ژینگەپارێزییان بەڕێوەبرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، قوتابییانی گوندی \"نۆریاو\"ی شاری پاوە، بە هیمەتی کتێبخانەی ئەو گوندەیە، دەستیان بە کۆکردنەوەی مادە و کەرەستە بێکەڵکەکانی ئەو گوندە کردووە کە دووبارە \"وەبەرهێنان\" بکرێتەوە و هەروەها ژینگەی ئەو گوندە خاوێن ڕابگیردرێت.

ئەم بیرۆکەیە، لە لایەن کتێبخانەی گوندی \"نۆریاو\"ـەوە بووە و قوتابییان، لاپەڕە کۆنەکانی دەفتەر و کتێب، عەلاگە و شتومەکە فلزییەکان کۆ دەکەنەوە و دەیانبەنەوە کتێبخانەی ئەو گوندەیە.

ئەم کارە، ماوەی ساڵ و وردەیەکە دەستی پێکردووە و بووتە فەرهەنگێک لەم گوندەدا و هەروەها ژینگەی گوندی نۆریاوی پاک و خاوێن ڕاگرتووە.

بە وتەی یەکێک لە دامەزرێنەرانی کتێبخانەی گوندی نۆریاو، ئەم کارە سەرەڕای فەرهەنگسازی، داهاتێکی بۆ ئەو کتێبخانەیەش هەیە و بەشێک لە تێچووی کتێبخانەکە دابین دەکات.

ئەم دامەزرێنەرەی کتێبخانەی گوندی نۆریاوە وتوویەتی: \"ترس و پەژارەی ئێمە لە ئێستادا، پێشکەوتنی کۆمەڵگایە و هیچ کۆمەڵگایەک بەبێ خوێندنەوەی کتێب بە پێشكەوتوویی نەگەیشتووە.\"

ئەم کتێبخانەیە، بە هیمەتی چالاکانی مەدەنیی ئەم گوندەیە، لە ساڵی ١٣٨٩ی هەتاویدا دامەزراوە و چەندین کلاسی بارهێنانی وەک فێرکردنی زمانی کوردی بە منداڵان و قوتابییان، فێرکردنی ئامێری مۆسیقا و شانۆی بەڕێوە بردووە و بەڕێوە دەبات.